لیڤەرپوول دەترسێت سیناریۆی ئارنۆڵد بەسەر یاریزانێکی دیکەیدا دووبارە ببێتەوە

23-06-2025
دیاری حەسەن
نیشانەکردن ئیبراهیما کۆناتێ یانەی لیڤەرپوول یانەی ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئیبراهیما کۆناتێ، دەستەوارەیەکی یانەی لیڤەرپوولی بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی رەتکردەوە و ریال مەدرید چاودێریی دەکات.
 
ئیبراهیما کۆناتێ، بەرگریکاری یانەی لیڤەرپوول، دوای وەرزێکی تایبەت و پێشکێشکردنی ئاستێکی نایاب، بووەتە جێی سەرنجی هەمووان، بەتایبەتی یانەی ریال مەدرید، گرێبەستی ئەو یاریزانە لە ساڵی 2026 کۆتاییدێت، یانەی شاهانە دەیەوێت بەخۆڕایی ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی و هەمان سیناریۆی ئارنۆڵد دووبارە بکاتەوە.
 
بەپێی گرێبەستی ئێستای ئەو یاریزانە لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول، هەفتانە 80 هەزار یۆرۆ وەردەگرێت، ئەو یاریزانە دەیەوێت مووچەکەی بۆ 200 هەزار یۆرۆ لە مانگێکدا بەرزبکاتەوە، بەوپێیە، دەبێتە خاوەنی سێیەم بەرزترین مووچە لە یانەکە، لەدوای محەممەد سەڵاح و ڤاندایک.
 
یانەی لیڤەرپوول گرێبەستێکی نوێیان پێشکێشی کۆناتێ کردووە، بەپێی ئەو گرێبەستە مووچەی یاریزانەکە لە 80 هەزاری جێگیرەوە دەستپێدەکات و بەپێی بەرزبوونەوەی ئاستی، مووچەکەی زیاد دەکات.
 
سەرچاوەکان دەڵێن کۆناتێ گرێبەستە نوێیەکەی رەتکردووەتەوە و زۆر بێهیوا بووە لە مووچە کەمەکەی لەو گرێبەستە نوێیەدا و داوایکردووە لە گرێبەستە نوێیەکەدا مووچەیەکی جێگیری هەبێت، نەک مووچەیەک کەبەپێی بەرزبوونەوەی ئاستی زیادە دەکات.
 
یانەی لیڤەرپوول تاوەکو مانگی 7 مۆڵەتیان بە یاریزانەکە داوە بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی، ئەگەر تاوەکو ئەو کاتە رازی نەبێت، لیڤەرپوول هەوڵدەدات یانەیەکی نوێی بۆ بدۆزێتەوە و لە گواستنەوەی هاوینە دەیفرۆشێتە یانەیەکی دیکە.
 
یانەی پاریس سانجێرمان بە وردی چاودێریی یاریزانەکە دەکات و بەپێی میدیای فەرەنسا، ئامادەن لەگەڵ لیڤەرپوول گفتوگۆ بکەن بۆ گواستنەوەی کۆناتێ.
 
یانەی ریال مەدرید ئەم وەرزە، ترێنت ئەلێکساندەر ئارنۆڵد، یاریزانی پێشووی لیڤەرپوولی بەخۆڕایی بردە ریزەکانی، دوای ئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ رێدز کۆتاییهاتبوو، یانەی لیڤەرپوول ترسی ئەوەیان هەیە، هەمان شت لەگەڵ کۆناتێ دووبارەبێتەوە، هەربۆیە دەیانەوێت بەزووترین کات چارەنووسی ئەو یاریزانە بەنوێکردنەوەی گرێبەستەکەی یان فرۆشتنی بەیانەیەکی دیکە، یەکلایی بکەنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە