رووداو دیجیتاڵ
راگەیاندنی کۆتاییهاتنی کاروانی ترێنت ئەلێکساندەر ئارنۆڵد لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول، کاردانەوەی تووندی هاندەرانی ئەو یانەیەی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەو ئەستێرەیە، لە نێوان شەو و رۆژێکدا لە خۆشەویستێکی دڵخوازی لیڤەرپوولییەکانەوە بووە بێزراوترینی یانەکە.
گرێبەستی ئارنۆڵد لەگەڵ لیڤەرپوول لەهاوینی ئەمساڵدا کۆتایی دێت، ئەو یاریزانە لەماوەی رابردوودا گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە نوێنەکردەوە و ئەوەش دەرگای چوونە دەرەوەی لە یانەکە بۆ کردەوە.
ئەگەرچی هاندەرانی لیڤەرپوول هیواخوازبوون ئەو یاریزانە ئەگەر لە دوا ساتیشدا بێت گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، بەڵام ئارنۆڵد لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا رۆیشتنی خۆی لە یانەکە راگەیاند و بەوەش هاندەرانی رێدزی زۆر تووڕەکرد.
ئەگەرچی ئەو بەرگریکەرەی باڵی لیڤەرپوول، رووگەی داهاتووی خۆی دیاریی نەکردووە، بەڵام سەرچاوەکان کۆکن کە ئارنۆڵد پەیوەندی بە ریال مەدریدی ئیسپانییەوە دەکات و هەندێک سەرچاوە دووپاتیدەکەنەوە کە ئارنۆڵد لەگەڵ ریال مەدرید گرێبەستێکی پێنج ساڵەی واژو کردووە.
هاندەرانی لیڤەرپوول پەرچەکرداری تووندیان بەرامبەر بڕیارەکەی ئارنۆڵد پێشاندا، هەندێک لەوان لە سۆشیال میدیاوە بەتووندی هێرشیانکردە سەری و درێسی ژمارە 66ی ئەویان سووتاند.
هاندەرە ناڕازییەکان، تەنانەت لە پلاتفۆرمەکانی لیڤەرپوول هێرشی تووندیان کردە سەر ئەو یاریزانە و بە ناپاک، فاشیل و گەمژە ناویانبرد.
لە بەرامبەردا جیمی کاراگێر، کە یەکێکە لە کەسایەتییە هەرە سەرسامەکان بەتواناکانی ئارنۆڵد، لەبارەی رووداوەکەوە دەڵێ، "رۆیشتن لە لیڤەرپوول ئاسان نییە، هەمووان دەزانین کە هەرەمێکی تۆپی پێ هەیە و ریال مەدرید و بارسێلۆنا لە لووتکەی ئەو هەرەمەدان، هەربۆیە رەتکردنەوەیان زۆر زەحمەتە".
پێشبینیکراوە ئارنۆڵد لە چەند هەفتەی داهاتوودا چوونی خۆی بۆ ریال مەدرید رابگەیێنێت و بەر لە دەستپێکردنی مۆندیالی یانەکان، پەیوەندی بەمەشقەکانی ئەو یانەیەوە بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ