رووداو دیجیتاڵ
شێرکۆ کەریم، ئەستێرەی کوردی یانەی هەولێر بەشێوەیەکی فەرمی پەیوەندیی بە یانەی زاخۆوە کرد و سکرتێری یانەکەش لە رێگەی رووداوەوە وردەکاریی گرێبەستەکەی ئاشکرا دەکات.
یانەی زاخۆ بەشێوەیەکی فەرمی لەسەر پەیجەکانی خۆی لە پلاتفۆرمە جیاوازەکاندا، گواستنەوەی شێرکۆ کەریمی بۆ یانەکەی راگەیاند و نووسیوویەتی "یا خوا بەخێربێی شێرەکەی نیشتمان".
رووداو سپۆرتس لە رێگەی سامان وڵاتژێرییەوە هەر زوو خۆی گەیاندە هوشیار شەهباز، سکرتێری یانەی زاخۆ و ئەو پیاوەی گرێبەستی شێرکۆ کەریمی واژۆکردووە و لە رێگەی رووداو سپۆرتسەوە وردەکارییەکانی گرێبەستەکە ئاشکرا دەکات.
سکرتێری یانەی زاخۆ بە رووداوی راگەیاند، ماوەی دوو ساڵە هاندەرانمان دەیانەوێت شێرکۆ کەریم پەیوەندی بە یانەکەوە بکات، بەدڵخۆشییەوە شێرکۆ کەریم لەو ئاستەدا بوو و توانیمان گرێبەستەکەی یەکلابکەینەوە، لە بەیانییەوە سەرقاڵی گفتوگۆکردنین لەگەڵ شێرکۆ کەریم، یاریزانەکە بەلایەوە گرنگ بوو ئەو خۆشەویستییەی لەنێوان ئەو و هاندەرانی یانەی زاخۆدا هەیە بە پەیوەندیکردن بە یانەکەوە کۆتاییبێت و پیرۆزبایی لە هاندەرانی یانەکە دەکەین."
هوشیار شەهباز زیاتر دەڵێت "شێرکۆ کەریم بۆ وەرزێک گرێبەستی لەگەڵ یانەکە کردووە و ئەمشەو یەکلادەبێتەوە کەی دێتە زاخۆ بۆ ئەوەی بەفەرمی وەکو یاریزانی نوێی یانەکەمان بە هاندەران بیناسێنین."
شەهباز دەڵێت "شێرکۆ کەریم پێیگوتووین ماوەیەکی زۆرە دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ یانەی زاخۆ بکەم زۆر باسی هاندەرانی یانەکەمانی کردووە."
لەبارەی ئەوەی کێ دەبێتە راهێنەری داهاتووی یانەی زاخۆ؟ سکرتێری یانەی زاخۆ بە رووداو سپۆرتسی گوت "تاوەکو ئێستا دیار نییە، بەڵام راهێنەرێکی شایستەی یانەکە و هاندەرانمان دەهێنین."
شێرکۆ کەریم دەبێتە یەکەم گرێبەستی گواستنەوەی ئەم هاوینەی یانەی زاخۆ و چاوەڕوانیی چەندین ساڵەی هاندەرانی یانەکە بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە کۆتاییهات.
دوای ماوەیەکی کەم لە راگەیاندنی گرێبەستی شێرکۆ کەریم، یانەی زاخۆ بەفەرمی نوێکردنەوەی گرێبەستی عەلی کازم، گۆڵپارێزی یانەکەشی راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ