رووداو دیجیتاڵ
ڤینسنت گارسیا، سەرنووسەری گۆڤاری فرانس فووتبۆڵی فەرەنسی کە خەڵاتی باڵۆندۆر رێکدەخات، ئاشکرای کرد کە عوسمان دێمبێلێ بەجیاوازییەکی زۆر لە نزیکترین رکابەرەکانییەوە خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان بۆ ساڵی 2025ـی بەدەستهێناوە، دووپاتیشی کردەوە کە دەنگدانەکە هیچ پێشبڕکێیەکی راستەقینەی بەخۆیەوە نەبینیوە.
عوسمان دێمبێلێ، هێرشبەری پاریس سانجێرمان و هەڵبژاردەی فەرەنسا، خەڵاتی باڵۆندۆری بۆ باشترین یاریزانی جیهان بەدەستهێنا، کە بەرزترین خەڵاتی تۆپی پێیە و دەبەخشرێتە باشترین یاریزانی وەرزەکە.
عوسمان دێمبێلێ پێش ئەستێرەی لاوی بارسێلۆنا، لامین یامال کەوت، کە پلەی دووەمی بەدەستهێنا.
گارسیا لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی فەرەنسا، راشکاوانە رایگەیاند کە هیچ رکابەرییەک لەسەر خەڵاتەکە نەبوو، بەو پێیەی جیاوازییەکی زۆر لەنێوان خاوەنانی پلەی یەکەم و دووەمدا هەبوو، گوتی "بۆ ئەوەی بیرۆکەیەکتان هەبێت، هیچ رکابەرییەک لەئارادا نەبوو.. دێمبێلێ بەجیاوازییەکی زۆر فراوان براوە بوو". ئەم لێدوانانە لامین یامالی تووشی شۆک کرد.
گارسیا گوتیشی "دێمبێلێ پشتیوانییەکی زۆری لە دەنگدەران وەرگرت. ئەو هەڵبژاردەیەک بوو کە بۆ ئەوان زۆر ئاشکرا و بەهێز بوو".
روونیشی کردەوە کە درەوشانەوەی پاریس سانجێرمان لەم وەرزەدا کاریگەری لەسەر چانسی دێمبێلێ نەبووە بەهۆی دابەشبوونی دەنگەکان لەنێوان هاوتیمەکانیدا "ڤیتینیا چەند دەنگێکی یەکەمی بەدەستهێنابوو، هەروەها ئەشرەف حەکیمی، بەڵام ژمارەکە زۆر سنووردار بوو".
سەرنووسەری گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ ئاماژەی بەوەدا کە دێمبێلێ لە هەموو کیشوەرەکاندا، جا لە ئەفریقا، ئەورووپا، ئەمریکای باشوور یان ئەمریکای باکوور، زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، ئەمەش رێککەوتنی جیهانی لەسەر شایستەیی ئەو بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە نیشان دەدات.
بڕیارە گۆڤاری فرانس فووتبۆڵ شەممەی داهاتوو لە ژمارەیەکی تایبەتدا هەموو وردەکارییەکانی دەنگدانەکە ئاشکرا بکات، کە تێیدا ریزبەندیی تەواوی یاریزانان و خاڵەکانیان ئاشکرا دەکرێت.
لە هەر یەکێک لەو 100 وڵاتەی هەڵبژاردەکانیان لە 100 پلەی یەکەمی ریزبەندیی باشترین هەڵبژاردەکانی فیفان، رۆژنامەڤانێک بەشداری لە دەنگدانەکەدا دەکەن.
هەر رۆژنامەنووسێک لیستی دە یاریزان هەڵدەبژێرێت، خاوەنی پلەی یەکەم 15 خاڵ، دووەم 12 خاڵ، سێیەم 10 خاڵ، پاشان 8 بۆ چوارەم و 7 بۆ پێنجەم وەردەگرێت، و بەم شێوەیە خاڵەکان وردە وردە کەم دەبنەوە تاوەکو دەگەنە پلەی دەیەم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ