ڤیدیۆ؛ کامپ نو کرایەوە و ترس و تۆقێن گەڕایەوە

23-11-2025
ئیحسان تاهیر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای نزیکەی دوو ساڵ، دەرگای کامپ نو بەڕووی بارسێلۆنادا کرایەوە و یەکەم یاریی خۆی لەسەر ئەو یاریگەیە ئەنجامدا و بە ئاست و ئەنجامێکی گەورە پەیامێکی پڕ لە ترس و تۆقێنی دایە رکابەرانی.
 
بارسێلۆنا لە گەڕی 13ـی لالیگادا لەسەر یاریگەی کامپ نو میوانداریی ئاتلێتیک بیلباوی کرد و بەئەنجامی 4-0 لێیبردەوە، کە دیارترین و جوانترین رووداوی یارییەکە لە خولەکی 10 بوو، کاتێک هەموو هاندەرانی بارسێلۆنا پێکەوە هاواریانکرد، مێسی، مێسی، مێسی..... وەک رێزێک بۆ ئەفسانەی مێژوویی یانەکەیان، کە بەر لە چەند رۆژێک لە دیمەنێکی پڕ لە سۆزاویدا گەڕایەوە ئەو یاریگەیە و چەند وێنەیەکی خۆی بڵاوکردەوە و نووسیبووی "لەو شوێنەی چەندینجار تیایدا هەستم کردووە دڵخۆشترین پیاوی جیهانم".
 
 
بارسا بە ئارەزوویەکی هێرشبەریی ئاشکراوە چووە ناو یارییەکەی بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو، و تیپە کەتەلۆنییەکە تەنیا چەند خولەکێکی پێویست بوو بۆ ئەوەی پێشکەوتنی خۆی رابگەیێنێت، کاتێک رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لێدانێکی مووشەک ئاسای ئاراستەی گۆڵی بیلباو کرد و گۆڵپارێز ئونای سیمۆن نەیتوانی بگەڕێنێتەوە.
 
لامین یامال سەرکردایەتی هێرشێکی هەڵگەڕاوەی کرد بە جوڵەیەکی هونەریی نایاب و بە پاسێکی سیحری فێران تۆرێسی خستە رووبەڕووی گۆڵپارێز ئونای سیمۆن و تۆپەکەی ئاراستەی گۆڵی کرد و بەر دەستی ئۆنای کەوت پێش ئەوەی بەهێواشی بچێتە نێو تۆڕەکەوە، بەمەش گۆڵی دووەمی لە خولەکی 45+2 بۆ بارسا تۆمارکرد.
 
لەگەڵ دەستپێکی گێمی دووەم، بارسا زۆر چاوەڕێی نەکرد بۆ زیادکردنی گۆڵی سێیەم، لە خولەکی 48 فێرمین لۆپێز گۆڵێکی جوانی تۆمارکرد لە یاری ژمارە 100ـی خۆیدا لەگەڵ تیپەکە.
 
لە خولەکی 51 ناوبژیوان بە کارتی سوور سانسێتی یاریزانی بیلباوی دەرکرد، دوای ئەوەی زۆر بەتووندی لە فێرمینی دا.
 
ساتێکی دیکەی پڕ لە چەپڵەڕێزان خولەکی 82 بوو، کاتێک رافینیای بەرازیلی لە پێکان گەڕایەوە و وەک یەدەگ بەشداری لە یارییەکەدا کرد.
 
 لە دوایین خولەکدا، تۆرێس پاسێکی دیکەی سیحری لە لامین یامالەوە پێگەیشت و توانی گۆڵی دووەمی خۆی و چوارەمی بارسا تۆماربکات و یانە کەتەلۆنییەکە بەئەنجامی 4-0 یارییەکەی بردەوە و بەشێوەیەکی کاتی چووە پێشەنگی ریزبەندیی لالیگا لە چاوەڕوانی یارییەکەی ئەمڕۆی ریال مەدرید، کە دەبێتە میوانی ئیلچێ.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە