لەسەر یارییەکی تۆپی پێ، ژنێک بە چەقۆ لە هاوژینەکەی دەدات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ناپۆلی ئاتالانتا هاوژین هاندەر سێری ئا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی یارییەکی خولی ئیتاڵیا لەنێوان هەردوو یانەی ئاتالانتا و ناپۆلی، ژنێک بە چەقۆ لە هاوژینەکەی دەدات و برینداری دەکات.
 
لە خولی ئیتاڵیا هەردوو یانەی ناپۆلی و ئاتالانتا رووبەڕووی یەکبوونەوە، هەردوو هاوژینەکە لە ماڵەوە سەیری یارییەکەیان دەکرد، لە یارییەکەدا ناوبژیوان دەگەڕێتەوە بۆ ڤار و لێدانێکی سزای یانەی ناپۆلی رەتدەکاتەوە، لەو کاتەدا پیاوەکەی هاوار دەکات و جنێو بە تەلەڤزیۆنەکە دەدات و لە ئاستی تیپەکەی و بڕیارەکانی ناوبژیوان تووڕە دەبێت، بەمەش هاوژینەکە بەو شێوەیە تێدەگات کە جنێوەکانی بۆ ئەوە و دەمەقاڵێیەکی تووند لەنێوانیاندا دروستدەبێت، دوای ئەوەش ژنەکە بە چەقۆ لە پیاوەکەی دەدات و برینداری دەکات.
 
پۆلیسی ئیتاڵیا دەڵێت "ژنەکە هاوژینەکەی بەوە تۆمەتبارکردووە کە سوکایەتی پێ دەکات و داوایکردووە لە ژوورەکە بچێتە دەرەوە، بەڵام هاوژینەکەی ئەمەی رەتکردووەتەوە و بەمەش ژنەکە هەڕەشەی لێکردووە و هێرشی کردووەتە سەری سەرەتا مەقەستێکی تێگرتووە، بەڵام بەرینەکەوتووە، دوای ئەوە ژنەکەی چووەتە چێشتخانە و چەقۆیەکی هێناوە و هێرشی کردووەتە سەر مێردەکەی و برینداری کردووە."
 
لەو کاتەدا پیاوەکەی ویستوویەتی بەرگری لە خۆی بکات و پەیوەندی بە فریاکەوتنەوە بکات، بەڵام ژنەکەی هەر بەردەوامبووە لە هێرشکردنە سەری، تاوەکو پۆلیس گەیشتووەتە شوێنەکە و دۆخەکەی کۆنتڕۆڵکردووە.
 
پیاوەکە تەمەنی 40 ساڵە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، ژنەکە 35 ساڵە و بە چەند تۆمەتێک دەستگیرکراوە، لەوانە توندوتیژی خێزانی، هێرشی مەترسیدار و هەڵگرتنی چەقۆ بە نایاسایی.
 
پیاوەکە لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێری پزیشکی، بەڵام دۆخی تەندروستیی مەترسیدار نییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە