رووداو دیجیتاڵ
لۆکا مۆدریچی ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید باسی لە یەکەم ساتی پەیوەندیکردنی بە ریال مەدریدەوە کردووە، دەڵێ نامەیەکی مۆرینیۆ هەموو شتی گۆڕی.
مۆدریچ ئەمڕۆ دوایین یاریی خۆی بەدرێسی ریال مەدریدەوە ئەنجامدەدات، بڕیارە لە نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ رێزلێنانی تایبەتی بۆ ئەنجام بدرێت.
مۆدریچ باسی ساڵی 2012ی کردووە کاتێک یەکەم نامەی لە مۆرینیۆوە پێگەیشتووە بۆ پەیوەندیکردن بەریال مەدریدەوە.
مۆدریچ دەڵێ، "تێنسم دەکرد، لە نێوان گێمەکانی یارییەکەدا تەماشای تەلەفۆنەکەمم دەکرد تاوەکو بزانم ڤانیای هاوژینم نامەی بۆ ناردووم یان نا، لەناکاو نامەیەک هاتە سەر شاشەی تەلەفۆنەکە".
لوکا دەڵێ، کاتێک نامەکەم کردەوە نووسرابوو، "سڵاو لوکا، دڵخۆشدەبم ئەگەر ماوەت هەبوو پەیوەندیم پێوە بکەیت، رێز، جۆزێ مۆرینیۆ".
وەک ئەو ئەفسانە کرواتییە باسیکردووە، ئەو نامەیە هەموو هەستەکانی ئەویان گۆڕیوە، ئەو دەڵێ، "زۆر دڵخۆشبووم، لەدڵی خۆمدا گوتم، کاتی ئەوەیە خەونە گەورەکەم کەچوونە ریال مەدریدە، ببێتە راستی".
مۆدریچ یاریزانی خاوەن زۆرترین نازناوە لە مێژووی ریال مەدریددا، دوای 13 ساڵ یارییکردن لەو یانەیە خاوەنی 28 نازناوە.
ئەو دەگێڕێتەوە، "دوای نامەکەی مۆرینیۆ ئیدی مێشکم لەسەر تێنسەکە نەما، بەخێرایی یارییەکەم تەواوکرد، هەستمکرد لەناخەوە دەکوڵێم، جۆشوخرۆشم زۆربوو. لەناکاو ئەوە هەمووی گۆڕا بۆ دڵەڕاوکە".
مۆدریچ درێژەی دەداتێ، "گەڕامەوە ماڵەوە، ئارەقە بەلەشمدا دەهاتە خوارەوە، پێڵاوەکانم بەهۆی لمی یاریگەی تێنسەوە سووربووبوون، لەسەر کورسییەک دانیشتم، هەواڵەکەم بەهاوژینەکەمدا، بەڵام ئەو گوتی، تۆ هیچ باش نیت، بڕۆ ئاوێک بەخۆتدا بکە، ئەگەر تەلەفۆنت بۆ هات، ئاگادارت دەکەمەوە".
مۆدریچ تەنانەت لە قسەکانی هاوژینەکەشی تێنەگەیشت، وەکخۆی دەڵێ، "کاژێرێک و دووان تێپەڕین، هەر چاوەڕێ بووم، لە کۆتاییدا زەنگی تەلەفۆنەکە لێیدا، هەڵمگرت و گوێم لەدەنگی مۆرینیۆ بوو، پێیگوتم، دەمەوێت بێیتە لای ئێمە لە ریال مەدرید، بۆ وەرزی داهاتوو تۆم دەوێت، شێوازی یارییکردنتم بەدڵە، دڵنیام لەوەی تۆ لە ریال مەدرید سەرکەوتوو دەبیت".
کاروانی مۆدریچ لەوکاتەوە دەستیپێکرد و ئێستا دوای 591 یاریی لە ریزەکانی ریال مەدرید دەڕوات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ