دوو وەرزشڤانی کورد لە ئەڵمانیا هاوکاری ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکەن

24-05-2025
هێمن عەبدوڵڵا
هەردوو وەرزشڤانەکە میوانی دیاسپۆرا بوون.
هەردوو وەرزشڤانەکە میوانی دیاسپۆرا بوون.
نیشانەکردن دیاسپۆرا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

جیهاد ئاکیپا قارەمانێکی کوردستانی و ئەڵمانییە لە بواری کیک بۆکسیندا. ئەو بەوە بەنێوبانگە کە هەرکاتێک لە هەر یارییەکدا بیباتەوە ئاڵای کوردستان بەرزدەکاتەوە. 
 
ماوەیەک لەمەوپێش میوانی دیاسپۆرا بوو و باسی کارەکانی کرد. یەکێک لە ئارەزووەکانی ئەوە بوو بتوانێ بچێتە کوردستان و یارمەتیی منداڵانی ئەوێ بدات. لە کۆتاییدا ئارەزووەکەی هاتووەتەدی.
 
جیهاد ئاکیپا، پاڵەوانی کیک بۆکسین لە ئەڵمانیا لەگەڵ هاورێکەی عەلی ئاجۆ، کە ئەمیش وەرزشکارە، خەڵکی ترپەسپی رۆژئاوای کوردستانە، دەیانەوێ لە رێگەی بەدەستهێنانی ئەو داهاتەی لە رێگەی وەرزشەکانیانەوە بەدەستی دەهێنن هاوکاری کەسوکار و خەڵکی ئاوارەی رۆژئاوای کوردستان بکەن کە لە باشووری کوردستان نیشتەجێن و لەو بارەیەوە هەردووکیان میوانی دیاسپۆرا بوون و باسیان لە چالاکی و کارە خێرخوازییەکانیان کرد.
 
ئاکیپا کە لە هەموو یارییەکانیدا ئاڵای کوردستان بەرز دەکاتەوە، باس لەو کاریگەرییە دەکات کە لەکاتی سەردانیکردنی بۆ کوردستان لەسەریکردووە و دەڵێت "ئەو کاتەی کە چوومە هەرێمی کوردستان، ئیلهامێکی گەورەم وەرگرت، شتێک بوو کە پێشتر نەمبینیبوو."
 
ئاجۆش باس لە خۆشحاڵی خۆی دەکات بۆ ئەو گەشتە و دەڵێت: "بۆ بەشدارییکردن لە کۆڕێک گەڕامەوە کوردستان، زۆر خۆش بوو، هەفتەیەک لەوێ بووم و توانیمان یارمەتی منداڵانی کورد بدەین."
 
ئاجۆ، جگە لەوەی وەرزشکارە، کارسازیشە دەڵێت: "کاتێک لە کوردستان بووین توانیمان 960 سەبەتەی خواردن بۆ 960 خێزان ئامادە بکەین، هەروەها بۆ 120 منداڵیش شیر و پێداویستییەکانی دیکەمان دابینکرد." دەشڵێت "ئەو زەکاتەی لەبەردەستمان بوو بە دەستی خۆمان بەسەر کەسانی موستەهەق دابەشکرد".
 
یەکێک لە گرنگترین بەشەکانی گەشتەکەیان بۆ کوردستان، ئەو پێشوازییە گەرمە بوو کە لە هەرێمی کوردستان لێیانکراوە، لەو بارەیەوە ئاجۆ دەڵێت "کاتێک گەیشتمە کۆیە زۆر بە گەرمی پێشوازییان لێکردم و وابیرم کردەوە کە من لە باکووری کوردستانم."
 
ئاکیپاش باس لەو ساتە دەکات کە لە فڕۆکەخانە بە کوردی پێشوازییان لێکراوە و دەڵێت: "کاتێک فڕۆکەکە گەیشتە کوردستان، کەسێک پاسپۆرتەکەی لێوەرگرتم و بە کوردی پێی گوتم بەخێربێیت، ئەمە بۆ ئێمە وەک دونیایەک بوو."
 
ئەم دوو کوردە وەرزشکار و خێرخوازە دڵنیایی دەدەن کە ئەم چالاکییانە بەردەوام دەبن، بەڵێنیاندا، ئەم ساڵ دەرگایان واڵاکردەوە و زۆر کاری خێرخوازیان ئەنجامدا و  دەیانەوێت هەموو ساڵێک بەردەوام بن لە یارمەتی کوردان لە هەر کوێیەک بن و جگە لە هاوکاری خۆیان هاوکاری خەڵکی دیکەش دەگەیێنین".
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە