ڤیدیۆ؛ گاریس بەیڵ بەفەرمی بووە یاریزانی گۆڵف

25-01-2023
ئیحسان تاهیر
گاریس بەیڵ
گاریس بەیڵ
نیشانەکردن گاریس بەیڵ گۆڵف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

گاریس بەیڵ، کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی وێڵز و یاریزانی یانەکانی تۆتێنهام و ریال مەدرید، رایگەیاند کە بەفەرمی بووەتە یاریزانێکی پیشەگەری گۆڵف و بەمنزیکانە لە ئەمریکا بەشداری لە پاڵەوانێتییەکی فەرمیدا دەکات.
 
ئەستێرەی وێڵزی، کە بەمدواییە وازهێنانی یەکجارەکی لە تۆپی پێ راگەیاند،  دووپاتیکردەوە کە سەرەتای مانگی داهاتوو لە رێگەی پاڵەوانێتی ئەی تی ئەند تی بەفەرمی گەشتی پیشەگەرانەی لە یاریی گۆڵف دەستپێدەکات.
 
ئەم پاڵەوانێتییە لە کەناری پیبل لە کالیفۆرنیای ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، کە گاریس بەیڵ ئێستا خۆی بۆ ئامادە دەکات و خوازیارە ئاست و ئەنجامێکی باش لەو پاڵەوانێتییەدا پێشکێش بکات، کە یەکەم پاڵەوانێتی فەرمی گۆڵفە بەشداری تێدا دەکات.
 
راگەیاندنی ئەستێرەی پێشووی ریال مەدرید لە رێگەی پۆستێکەوە بوو کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام نووسیویەتی.
 
بەیڵ هەمیشە بەوە ناسراوە کە خۆشەویستییەکی زۆری بۆ یاریی گۆڵف هەیە، تا ئەو راددەیەی دوای یەکێک لە یارییە نێودەوڵەتییەکان، بانەرێکی بەرزکردەوە کە لەسەری نووسرابوو "وێڵز، پاشان گۆڵف، پاشان ریال مەدرید". بەم رێزبەندییە، کە لەو کاتەدا ناڕەزایی هاندەرانی یانە ئیسپانییەکەی لێکەوتەوە.
 
کاتێک گاریس بەیڵ وازهێنانی خۆی لە یاریی تۆپی پێ راگەیاند، پێپ گواردیۆلای راهێنەری ئیسپانیی یانەی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، گوتی "دەکرێت گاریس بەیڵ ببێتە یاریزانێکی باشی گۆڵف".
 
پاڵەوانێتی ئەی تی ئەند تی لە رۆژی 2 تاوەکو 5 مانگی شوباتی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە