ریال مەدرید بەشداریی یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا دەکات

26-04-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید رایگەیاند، دوای ئەو کێشەیەی لەسەر لێدوانی ناوبژیوانێک دروستبوو، لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا ناکشێتەوە و بەرامبەر بارسێلۆنا یاری دەکات.
 
رۆژی هەینی 25-04-2025 رۆژێک پێش بەڕێوەچوونی یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا لەنێوان هەردوو جەمسەرەکەی لالیگا، بارسێلۆنا و ریاڵ مەدرید، یانەی مێرێنگی بایکۆتی راهێنانەکانی کرد و گومان لە بەشداریکردنی لە یارییەکەدا هەبوو. مەدرید دواتر بە فەرمی رایگەیاند، بەشداری دەکات.
 
ریال مەدرید رایگەیاند، "هەرگیز بیرمان لە کشانەوە نەکردووەتەوە."
 
یانە سپی پۆشەکە لەوە تووڕەبوو کە نیوەڕۆی رۆژی هەینی ریکاردۆ دی بۆرگۆس، ناوبژیوانی یارییەکە بە گریانەوە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی گوتی، بەهۆی تانەلێدان لەلایەن کەناڵی فەرمیی ریاڵ مەدریدەوە کە گوایە پێشتر لە چەند یارییەک هەڵەی کردووە، لە قوتابخانە بە منداڵەکەی ئەویان گوتووە "باوکت دزە."
 
ریال مەدرید داوای گۆڕینی ستافی ناوبژیوانەکانی کرد، بەشداری لە راهێنانەکانی ئەمڕۆ نەکرد و هیچ کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیشی نەکرد. گومان لەوە دروستبوو کە مەدرید بەشداری لە یارییەکە ناکات و دەکشێتەوە.
 
یانە شاهانەکە دواتر بە فەرمی رایگەیاند، "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دەنگۆیانەی لە چەند کاژێری رابردوودا بڵاوبوونەتەوە، ریال مەدرید رایدەگەیەنێت کە تیپەکەمان هەرگیز بیری لەوە نەکردووەتەوە یاریی کۆتایی سبەی رەتبکاتەوە. یانەکەمان تێدەگات کە لێدوانە نادروست و ناشایستەکانی ناوبژیوانانی دەستنیشانکراو بۆ ئەم یارییە، کە 24 کاژێر پێش یارییەکە دراون، ناتوانن رووداوێکی وەرزشیی جیهانی کە سەدان ملیۆن کەس بینەری دەبن ناشیرین بکەن."
 
مەدرید هەروەها رایگەیاند، "سەرەڕای ئەو دووژمنایەتی و رقەی کە ئەمڕۆ جارێکی دیکە بەرامبەر یانەکەمان نیشان درا، ریال مەدرید تێدەگات کە دەبێت بەهای تۆپی پێ سەربکەوێ."
 
بڕیارە یارییەکەی رۆژی شەممە کاژێر 11:00ی شەو بە کاتی هەولێر لە یاریگەی لاکارتۆخا لە شاری سڤییا بەڕێوەبچێت.
 
لە مێژوودا یانە کەتەلۆنییەکە 31 جار و مەدریدیش 20 جار بوونەتە پاڵەوانی جامەکە؛ دوایین جار مەدرید لە 2023 و بلاوگراناش لە 2021 جامەکەیان بەرزکردەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە