ماستانتونۆ باسی قسەکانی خۆی لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆ دەکات

25-06-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید فرانکۆ ماستانتۆنۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فرانکۆ ماستانتونۆی یاریزانی ریڤەرپلەیتی ئەرجەنتینی کە بووەتە یاریزانی ریال مەدریدی ئیسپانی، باسی لە رووداوەکانی پشتپەردە لە چوونی بۆ یانە ئیسپانییەکە کردووە.
 
ماستانتونۆ  لەگەڵ ریڤەرپلەیت خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئینتەرمیلان لە مۆندیالی یانەکان ئامادە دەکات.
 
ماستانتونۆ کە بڕیارە دوای پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکە پەیوەندی بەریال مەدریدەوە بکات، لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت، "هەموو یاریزانان خەون بەیارییکردن لەگەڵ ریڤەرپلەیت و ریال مەدریدرەوە دەبینن، من دەمەوێت لێرە بڕۆم و لە لووتکەی دڵخۆشیمدا بم بەبەدەستهێنانی شتێک بۆ تیپەکەم".
 
هەروەها دەڵێ، "هەموو بیرکردنەوەم ئێستا لای پاڵەوانێتییەکە و بەدەستهێنانی شتێکە بۆ هاندەرەکانمان".
 
لەبارەی چوونیەوە بۆ ریال مەدرید، ماستانتانۆ دەڵێ، "قسەکردنم لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆ یەکلاکەرەوە بوو لە بڕیارەکەمدا".
 
زیاتر دەڵێ، "ئەو هەموو شتی بۆ روونکردمەوە، ئەمە جیا لە رۆڵی خۆم لە تیپەکە".
 
لەبارەی ئەو دەستەوارانەی یانەکانی دیکە پێشکێشیان کردبوو، فرانکۆ دەڵێ، "ململانێ لە نێوان ریال مەدرید و پاریس سانجێرمان هەبوو، من ریال مەدریدم هەڵبژارد".
 
هەروەها دەڵێ، "یارییکردن بۆ ریال مەدرید ئەو خەونە بوو کە هاتە دی، پێویست ناکات باسی یانەکە بکەم، چونکە هەمووان دەزانن کێیە، ئەو یانەیەی زۆرترین نازناوی لە جیهاندا بردووەتەوە، ئەمەش ئاڵنگارییەکی نایابە بۆ من، زۆر پێزانینم بۆ تۆپی پێ هەیە کە هەلی ئەوەم دەداتێ درێسی یانەکە بپۆشم".
 
ئەو زیاتر دەڵێ، "دەڵێن من پێگەیشتووم. ئەوەش راستە، پەروەردەی باوانم رۆڵیان لەوەدا هەبوو، چونکە هەر لە منداڵییەوە، بەتەنیا دەژیام، ئەوەش هاوکاریی کردم لە تێگەیشتن لە هەموو شتێک، من رۆژ لە دوای رۆژ فێردەبم، حەزم لە گوێگرتن لە ئامۆژگارییەکانە، عەقڵیەتی من، مەزنترین خاڵی کەسایەتیمە".
 
پێشبینیکراوە، لە دوای تەواوبوونی مۆندیالی یانەکان، یانەی ریال مەدرید بەفەرمی گرێبەستی ماستانتونۆ رابگەیەنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە