رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا بەشێوەیەکی فەرمی وادەی گەڕانەوەی بۆ یاریگەی سپۆتیفای کامپ نو راگەیاند و یەکەم یاریی یانەکە لەو یاریگەیەدا ئاشکرا دەبێت.
بارسێلۆنا بەشێوەیەکی فەرمی و لە رێگەی ڤیدیۆیەکی تایبەتەوە رایگەیاند، رۆژی 10-8-2025 دەگەڕێتەوە بۆ یاریگەی سپۆتیفای کامپ نو، کاتێک لە یاریی جامی خوان گامبەردا یاری دەکات.
هەرچەند بارسێلۆنا ناوی ئەو یانەیەی ئاشکرا نەکردووە کە لە جامی خوان گامبەردا یاریی بەرامبەر دەکات، بەڵام سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا دەڵێن، یانەی کومۆی ئیتاڵی رکابەری بارسا دەبێت لەو جامەدا کە ساڵانە لەلایەن یانەکەوە رێکدەخرێت و ئەوە دەبێتە یەکەم یاریی بلاوگرانا لە یاریگە نوێیەکەدا دوای نۆژەنکردنەوەی.
لە ماوەی دوو وەرزی رابردوودا بارسێلۆنا یارییەکانی لەسەر ئاستی ناوخۆ و ئەورووپا لە یاریگەی مونتجویک ئەنجامدەدا کە 60 هەزار هاندەر لە خۆی دەگرێت و یاریگەی سپۆتیفای کامپ نو لەژێر نۆژەنکردنەوەدا بوو، یاریگەکە لە قۆناخی کۆتاییدایە و مانگی هەشتی ئەمساڵ بەتەواوی یاریگەکە بەرووی یانەکە و هاندەرانیدا دەکرێتەوە.
بەمەش وەرزی داهاتوو بارسا بە یاریگەیەکی نوێ و تەواو جیاوازەوە دەچێتە نێو رکابەرییەکانی لالیگا و خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.
سەرەتا کردنەوەی یاریگەی کامپ نو بەرووی هاندەراندا قۆناخ بە قۆناخ دەبێت و لە قۆناخی یەکەمدا تەنیا 25 هەزار هاندەر دەتوانن لە یاریگەکەدا سەیری یارییەکانی یانەکە بکەن.
یاریگەی سپۆتیفای کامپ نو، دوای نۆژەنکردنەوەی 105 هەزار هاندەر دەگرێت، 900 ملیۆن یۆرۆ تیچووی نۆژەنکردنەوەی یاریگەکەیە، بە نۆژەنکردنەوەی یاریگەکە بارسێلۆنا لە رووی ئابوورییەوە پێشکەوتنی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت و بەپێی پێشبینییەکان ساڵانە 200 ملیۆن یۆرۆ داهاتی یانەکە دەبێت.
Coming back home, feel the vibe pic.twitter.com/5IXYs2RFvW
— FC Barcelona (@FCBarcelona) June 25, 2025
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ