رووداو دیجیتاڵ
لامين يامال، ئەستێرەی ئیسپانی سەرەڕای ئەوەی هەمیشە بە رەفتارە نەرێنی و ئەرێنییەکانی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئافرەتاندا مشتومڕ دەنێتەوە، رەتیدەکاتەوە مەی و کحول بخواتەوە.
سەرەڕای ئەو ئاهەنگە پڕ ژاوەژاوانەی کە لە پشووەکانیدا ئامادەیان دەبوو یان رێکیدەخستن، کە دواترینیان ئاهەنگی یادی 18 ساڵەی لەدایکبوونی بوو، هەروەها سەرەڕای پەیوەندییە سۆزدارییە زۆرەکانی کە دوایینیان دەنگۆی پەیوەندییەتی لەگەڵ گۆرانیبێژی ئەرجەنتینی نیکی نیکۆڵ، بەڵام ئەم ئەستێرە گەنجە خواردنەوە کحولییەکان ناخواتەوە.
ئەو ئەستێرە ئیسپانییە هەوڵدەدات بگاتە لووتکە، بەتایبەت کە ئێستا بەباشترین بەهرەی تۆپی پێ دادەنرێت و زۆر کەس پێشبینی دەکەن ببێتە ئەستێرەی داهاتوو بەبێ رکابەر. هەروەها یەکێکە لە بەهێزترین پاڵێوراوەکان بۆ بردنەوەی باڵۆندۆر بۆ ساڵی 2025.
لامين يامال وەک جۆرێک لە پابەندبوون و پاراستنی تەندروستیی خۆی، خۆی لە خواردنەوەی کحول بەدوور دەگرێت، هەروەها بۆ بایەخدان بە تۆپی پێ و درەوشانەوە و سەرکردایەتیکردنی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکان.
هەروەها رەچەڵەکە مەغریبییەکەی و پەیوەندیی بە داپیرە موسڵمانە مەغریبییەکەیەوە، لەوانەیە هۆکارێکی بەهێز بووبێت بۆ ئەوەی بە هۆکاری ئایینی و ئەخلاقییەوە خۆی لە مەی و کحول بەدوور بگرێت، وەک رێزێک بۆ دابونەریتی خێزانە موسڵمانەکەی.
لەم دواییانەدا، میدیا ئیسپانییەکان دەستیان کردووە بە تیشک خستنە سەر ژیانی یامال و ئاشکرایان کردووە کە پەیوەندیی سۆزداری لەگەڵ گۆرانیبێژە ئەرجەنتینییەکەدا هەیە. ئەو گۆرانیبێژە لە یاریی جامی خوان گامپەر لە نێوان بارسێلۆنا و کۆمۆی ئیتاڵیدا بە درێسی لامين يامالەوە دەرکەوت، لەکاتێکدا هەندێک میدیای دیکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەو دووانە پێکەوە چوونەتە پشوویەکی کورت لە میرنشینی مۆناکۆ دوای کۆتاییهاتنی دوایاریی بارسێلۆنا بەرامبەر ئۆساسۆنا، کە بەبردنەوەی بارسا بەئەنجامی 3-0 کۆتاییهات، بەرلەوەی بارسا دووەم یاریی خۆی لە لالیگادا 3-2 لە لیڤانتی بباتەوە.
یامال بووەتە ئامانجی میدیاکان دوای سازکردنی ئاهەنگی 18 ساڵەی لەدایکبوونی، کە مشتومڕێکی گەورەی لە ئیسپانیا دروستکرد بەهۆی بەکارهێنانی کورتەباڵاکانەوە؛ ئەمەش وای لە لایەنە فەرمییەکان کرد هەڕەشەی دادگاییکردنی لێبکەن بەتۆمەتی سوکایەتیپێکردن.
لامين يامال، بە یەکێک لە دیارترین بەهرەکانی ئەکادیمیای لاماسیا دادەنرێت و بەشێوەیەکی بەرچاو لەگەڵ تیپی یەکەمی بارسا لە گەشەسەندنی هونەری و جەستەییدا بەردەوامە. تاوەکو ئێستا 108 یاری لەگەڵ یانەکەدا ئەنجامداوە، کە تێیدا 26 گۆڵی تۆمارکردووە و 36 ئەسیستی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ