خزمەتکارەکەی ئیکەر کاسیاس بە تۆمەتی دزینی کاتژمێرە گرانبەهاکانی دەستگیر کرا

25-10-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بە تۆمەتی دزینی پێنج کاتژمێر کە بایی 232 هەزار دۆلارن لە ماڵەکەی ئیکەر کاسیاس، پۆلیسی ئیسپانیا دوو کەسی دەستگیرکرد کە یەکێکیان خزمەتکاری گۆڵپارێزەکەی پێشووی ریاڵ مەدریدە.
 
کەسی دووەم وەک پاسەوان لەو ناوچەیەدا کاردەکات کە کاسیاسی تەمەن 44 ساڵی تێیدا دەژی.
 
پۆلیسی ئیسپانیا رۆژی هەینی 24-10-2025 بڵاویکردەوە، دزییەکە لە کەمتر لە 10 رۆژدا کراوە و "دوو کاتژمێر دۆزراونەتەوە و دوو هاوژین وەک گومانلێکراوی تاوانەکە دەستگیرکراون."
 
کاسیاس خۆی پۆلیسی ئاگادارکردووەتەوە، دوای ئەوەی تێبینی کردووە بەشێک لە کاتژمێرەکانی شێوەیان نائاساییە. دوای ئەوە، پۆلیس بە نهێنی چاودێریی ماڵەکەی کردووە.
 
گومانلێکراوەکان کاتژمێرەکانی کاسیاسیان بە کاتژمێری هاوشێوەی هەرزان گۆڕیوە. بەهای هەر یەکێک لە کاتژمێرەکان زیاتر لە 55 هەزار دۆلارە.
 
ژنە دەستگیرکراوەکە ماوەی پێنج ساڵە کار بۆ کاسیاس دەکات. 
 
هەردوو گومانلێکراو دوای دەرکەوتنیان لە دادگا، بە کەفالەتی مەرجدار ئازادکران و گەڕانەوە ماڵەوە. 
 
پۆلیس گوتەی لە کاسیاس و سارا کاربۆنێرۆی هاوژینی پێشووی وەرگرتووە. کاسیاس هێشتا هیچ لێدوانێکی فەرمی نەداوە.
 
کاسیاس کە یەکێکە لە باشترین گۆڵپارێزەکانی مێژووی تۆپی پێ، 510 یاری لە 16 ساڵی کارکردنی لەگەڵ ریاڵ مەدرید کرد و لە ئابی 2020ـدا دوای جەڵتەی دڵ لە کاتی راهێنان لەگەڵ پۆرتۆی پۆرتوگالی، وازهێنانی لە یاریکردن راگەیاند.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە