رووداو دیجیتاڵ
دارن کان، ئەو ناوبژیوانەی خاوەنی زۆرترین بەشدارییە وەک یاریدەدەر لە مێژووی خولی ئینگلیزیدا، پەردە لەسەر نهێنییەکانی سەرکەوتنی لە کارەکەیدا لادەبات.
ئەو پیاوەی یاریی کۆتایی مۆندیال و چامپیۆنزلیگی بەڕێوەبردووە، باس لەوە دەکات چۆن چاوەکانی بۆ بینینی ئۆفسایدە قورسەکان راهێناوە و چۆن تەکنەلۆژیا گۆڕانکاری لە کارەکەیاندا کردووە، بەڵام هێشتا بوونی مرۆڤ لەسەر هێڵی یاریگە بە پێویست دەزانێت.
دارن کان لە نێوان ساڵانی 2005 تاوەکو 2025، بەشداری لە 579 یاریی پرێمەرلیگدا کردووە، بەمەش ریکۆردی مایک دینی شکاند. ئەو بەشێک بوو لە تیمی ناوبژیوانی هاوارد وێب و توانی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ و مۆندیالی 2010 بەڕێوەببات. کان دەڵێت "زۆر بەختەوەرم کە ئەو کاروانە وەرزشییەم هەبوو کە خەونم پێوە دەبینی".
چیرۆکی چوونە ناو جیهانی ناوبژیوانی بۆ کان جیاواز بوو. ئەو لە سەرەتادا یاریزان بوو لە کریستاڵ پاڵاس، بەڵام کاتێک بینی کێبڕکێی هێرشبەرانی وەک ئیان رایت و مارک برایت بۆ ئەو قورسە، بڕیاریدا رێگەیەکی دیکە هەڵبژێرێت. کان دەڵێت "من ناوبژیوانێکی باش بووم، بەڵام دڵم هەمیشە لای ئەوە بوو ببمە باشترین یاریدەدەری ناوبژیوان، نەک ببمە ناوبژیوانی ژمارە 20 لە خولەکەدا".
یەکێک لە سیفاتە هەرە گرنگەکانی یاریدەدەری ناوبژیوان بە بڕوای کان، ئەوەیە دەبێت "بێ هەست بیت". ئەو دەڵێت "دەبێت دەنگی هاندەران لە گوێچکەتدا بپچڕێنیت، چونکە یەک چرکە بێئاگایی زیانت پێ دەگەیێنێت". ئەو وەک یاریدەدەرێک، ساڵانە لە تاقیکردنەوەی جەستەیی توونددا بووە و هەموو هەفتەیەک لەژێر چاودێری وردی لیژنەکاندا بووە.
دارن کان نهێنییەکی سەرسوڕهێنەر دەدرکێنێت، ئەویش راهێنانی بەردەوامی چاوەکانێتی. کان پرۆگرامێکی تایبەتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی لەسەر لاپتۆپەکەی هەیە، کە 300 گرتەی ڤیدیۆیی بەخێراییەکی زۆر نیشان دەدات بۆ ئەوەی بڕیاری ئۆفساید بدات. ئەو دەڵێت "هەندێکجار پێش یارییەکانی پرێمەرلیگ لە ژووری هوتێلەکەم، تاوەکو 20 بڕیاری راست لەسەر یەک نەدەم، لاپتۆپەکەم دانەدەخست". تەنانەت دەڵێت 99%ـی بڕیارەکانی ئۆفساید لە کاروانی ناوبژیوانییەکەیدا راست بوون.
یاریدەدەری ناوبژیوان دەبێت شارەزای رەفتاری یاریزانانیش بێت. کان روونی دەکاتەوە پێش یارییەکان سەیری 30 دوایین کۆرنەر و فاوڵی تیپەکانی دەکرد بۆ ئەوەی بزانێت کێ دەچێتە ناوچەی ئۆفساید و کام بەرگریکار درەنگ دەگەڕێتەوە. لەبارەی زانستی ئۆفسایدیشەوە دەڵێت "کاتێک بڕیار دەدەیت، چاوت وەک هاوێنەی کامێرا وێنەیەک دەگرێت، ئەو وێنەیە تەنیا چەند چرکەیەکی کەم لە مێشکدا دەمێنێتەوە، بۆیە دەبێت دەستبەجێ بڕیارەکە بدەیت پێش ئەوەی وێنەکە لە مێشکتدا لێڵ بێت".
ئەو و هاوکارەکانی سیستمێکی تایبەتیان هەبوو بۆ پەیوەندی، بەجۆرێک یاریدەدەرەکەی ئەودیو هاواری دەکرد "ئێستا" لەو ساتەی تۆپەکە لێ دەدرا، بۆ ئەوەی کان تەنیا سەرنجی لەسەر هێڵی ئۆفساید بێت. جوانترین بڕیاری خۆیشی بۆ یاریی بەرازیل و چیلی لە مۆندیالی 2010 دەگەڕێنێتەوە، کاتێک بڕیارێکی بوێرانەی دا و گۆڵی لویس فابیانۆی بە دروست هەژمارکرد.
لەبارەی داهاتووی ئەم پیشەیە لە سەردەمی تەکنەلۆژیای "ئۆفسایدی نیمچە ئۆتۆماتیک"، دارن کان دەڵێت "هێشتا پێویستمان بە یاریدەدەری ناوبژیوان هەیە، چونکە سێ جووت چاو باشترە لە یەک جووت، ناوبژیوان تەنیا بۆ ئۆفساید نییە، بەڵکو بۆ فاوڵ و لێدانی سزا و دیاریکردنی دەرچوونی تۆپیشە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ