خاڤیێر زانێتی پێیوایە مێسی شێتە و مۆرینیۆش باشترین راهێنەرە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن ئینتەرمیلان خاڤیێر زانێتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

خاڤیێر زانێتی، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی، پێیوایە هێشتا لیۆنێل مێسی، توانای کاری شێتانەی لە یاریگەکاندا هەیە، لە کاتێکدا لە تەمەنی 38 ساڵیدا، لە لووتکەی بەخشینی خۆیدایە.
 
زانێتی کە 145 یاریی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین ئەنجامداوە، خۆشحاڵە بەوەی مێسی لە پاڵەوانێتییەکی دیکەی گەورەی جیهانیدا بەشداریی بکات، لە کاتێکدا 196 یاریی بۆ ئەرجەنتین کردووە و 115 گۆڵی تۆمارکردووە.
 
زانێتی، کە رۆژانێک سەرکردەی نێو یاریگە بووە لە تانگۆ، دڵخۆشە بەوەی لە تەمەنیدا، ئەفسانەکانی وەک دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا و لیۆنێل مێسی ناسیوە.
 
ئەو کە قسەی بۆ کۆریێری دیلۆ سپۆرتی ئیتاڵی کردووە، دەڵێ "لەگەڵ مێسی ماوەی پێنج تاوەکو شەش ساڵ لە هەڵبژاردە یارییم کردووە، ئەو زۆر بچووک و شەرمن بوو کاتێک هات، بەڵام شەرمنییەکە لە دەرەوەی یاریگە بوو، لە نێو یاریگەدا شتی شێتانەی دەکرد، ئەو کرۆکی تۆپی پێ، بەڵام مارادۆنا، مارادۆنا بوو و بەس".
 
زانێتی لەکاتی یارییکردنیدا، ساڵانێک لەگەڵ رۆناڵدۆی دیارە یارییکردووە، ئەوکات یانە ئیتاڵییەکە پڕی ئەستێرەی گەورە و بەهرەمەند بوو.
 
زانێتی کە لە ساڵانی یارییکردنی لە ئینتەرمیلان لە ژێر سەرپەرشتی زۆر راهێنەردا کاری کردووە، دەڵێ، هەندێک وەرز لە ژێر سەرپەرشتی چوار راهێنەری جیاوازدا مەشقمکرد.
 
کاتێک داوای لێکراوە باشترین راهێنەر لە کاروانی خۆیدا دەستنیشان بکات، ئەو بێ دوودڵی دەڵێ، بێگومان جۆزێ مۆرینیۆ، بێگومان ئەو هەموو کات لە یادەوەریمدا دەمێنێتەوە، دەستکەوتێکی بێوێنەمان هەبوو، لەوانەیە هەرگیز دووبارە نەبێتەوە.
 
ئەو دەڵێ، مۆرینیۆ راهێنەرێکی تەمومژاوی بوو، یەکەمجار و یەکەم پەیوەندیی نێوانمان لە 2010 بوو، ئەوکات لە مانگی شەشدا من دەمویست بگەڕێمەوە بۆ ئەرجەنتین، لە فڕۆکەخانەی فیومیچینۆی رۆما تەلەفۆنێکم بۆ هات، کاتێک وەڵامم دایەوە دەرکەوت مۆرینیۆیە، ئەو گوتی، "من جۆزێ مۆرینیۆم، کەمێک لەمەوپێش بوومە راهێنەری ئینتەرمیلان، تۆ ئیدی کاپتنی تیپەکەی منیت، بمبورە ئەگەر ئیتاڵییەکەم باش نەبێت. بەڵام ئەو ئیتاڵییەکی زۆر باشی دەزانی".
 
زانێتی ئێستا تەمەنی 52 ساڵە، جێگری سەرۆکی یانەی ئینتەرمیلانە، دەیەوێت لەگەڵ یانەکەدا سەردەمێکی مێژوویی و پڕ لە دەستکەوت دەستپێبکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە