مەرجەکانی زیدان بۆ جێگرتنەوەی ئامۆریم لە مانچێستەر یونایتد

26-08-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن زینەدین زیدان مانچێستەر یونایتد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

هەندێک لە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باس لەوە دەکەن کە زینەدین زیدانی ئەفسانەی فەرەنسی دوو مەرجی هەیە بۆ ئەوەی بە دەستەوارەیەکی یانەی مانچێستەر یونایتد رازی ببێت ببێتە راهێنەری ئەو یانە ئینگلیزییە، یەکەمیان دەبێت یانەکە ئامانجەکانی دیاری بکات و دووەمیشیان دەبێت چەند یاریزانێکی بۆ بگوازنەوە.
 
ناوی زینەدین زیدانی فەرەنسی جارێکی دیکە لە میدیاکاندا دەرکەوتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، ئەمەش دوای دەستپێکە لاوازەکەی شەیتانە سوورەکان لە وەرزی نوێدا.
 
مانچێستەر یونایتد بە راهێنەرایەتی رۆبن ئامۆریمی پۆرتوگالی، لە گەڕی یەکەمی خولی ئینگلیزیدا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕا و پاشان لە گەڕی دووەمدا بەرامبەر فولهام یەکسانبوو.
 
پێشتریش ناوی زیدانی تەمەن 53 ساڵ بەگەڕانەوە بۆ بواری راهێنەرایەتی دوای دابڕانێکی درێژ و وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی مانچێستەر یونایتدەوە بەسترابووەوە.
 
ئەستێرە فەرەنسییەکە لە قۆناخی یەکەمدا لە نێوان ساڵانی 2016 بۆ 2018 سەرکردایەتی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی کرد، پاشان پۆستەکەی جێهێشت و لە قۆناخی دووەمدا لە نێوان تشرینی دووەمی 2018 بۆ حوزەیرانی 2021 گەڕایەوە بۆ سەرکردایەتیکردنی یانەکە.
 
زیدان ماوەی 4 ساڵی تەواوە هیچ کارێکی راهێنەرایەتی نەکردووە، پێش ئەوەی جارێکی دیکە ناوەکەی لەگەڵ یانەی مانچێستەر یونایتددا بێتەوە ئاراوە.
 
ئیمانوێل پیتی فەرەنسی و هاوڕێی پێشووی زیدان لە هەڵبژاردەی 'کەڵەشێرەکانی فەرەنسا'، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان، هەندێک لەو مەرجانەی ئاشکراکرد کە پێویستە جێبەجێ بکرێن بۆ رازیکردنی ئەفسانەکەی فەرەنسا بەوەرگرتنی پۆستی راهێنەری مانچێستەر یونایتد.
 
هەروەها گوتیشی "دڵنیا نیم زیدان بەباشی زمانی ئینگلیزی بزانێت. پەیوەندیکردن لە ژووری جلگۆڕیندا زۆر گرنگە. بەڕاشکاوی زیدان پێویستی بەوەرگرتنی گەرەنتی هەیە ئەگەر بیەوێت گرێبەست لەگەڵ مانچێستەر یونایتد واژۆ بکات".
 
ئەستێرەی پێشووی یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی جەختی کردەوە کە زیدان دوو مەرجی دەبێت بۆ قبوڵکردنی ئەرکەکە.
 
بەگوتەی ئەو "زیدان داوای دیاریکردنی ئامانجەکانی یانەکە بەشێوەیەکی واقیعی دەکات، بەتایبەتی کە تیپەکە ماوەیەکی زۆرە سەرەڕای مێژووە گەورەکەی، لە بردنەوەی نازناوەکان دوورکەوتووەتەوە. هەروەها زیدان داوای بەرزکردنەوەی کوالیتی یاریزانەکان و چوونە نێو بازاڕی گواستنەوەکان دەکات بۆ کڕینی یاریزانی نایاب و بەتوانا لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە