رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی 24 خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی بووە میوانی یانەی نەفتی میسان. یارییەکە دوای ململانێیەکی بەهێز، بەبێ گۆڵ (0-0) بۆ هەردوولا کۆتایی هات.
یاریزانانی هەولێر کە بە درێسە زەردە رەسەنەکەی یانەکەوە هاتبوونە نێو یاریگا، رووبەڕووی گوشارێکی زۆری یانەی خاوەن یاریگا بوونەوە. نەفتی میسان لە زۆربەی کاتەکانی یارییەکەدا هەوڵی هەژاندنی تۆڕی گۆڵی هەولێری دەدا، بەڵام دیوارێکی بەهێز لە بەردەم هێرشبەرەکانیاندا هەبوو.
ئەستێرەی یەکەمی یارییەکە بێ گومان 'سەرهەنگ موحسین'ی گۆڵپارێزی بە ئەزموونی یانەی هەولێر بوو. سەرهەنگ بە ئاستێکی سەرنجڕاکێشەوە دەرکەوت و توانی چەندین هێرشی مەترسیدار و گۆڵی مسۆگەری یاریزانانی نەفتی میسان بگەڕێنێتەوە. کاردانەوە خێراکانی سەرهەنگ بووە هۆی ئەوەی هەولێر خاڵێکی گرنگ لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەدەستبهێنێت و تۆڕی گۆڵەکەی بە خاوێنی بپارێزێت.
هەرچەندە هەولێر لە چەند هەوڵێکدا دەیویست لە رێگەی هێرشی هەڵگەڕاوەوە بگاتە گۆڵی میسان، بەڵام هەوڵەکان بەبێ ئەنجام بوون.
بەم ئەنجامەش هەولێر بە خاڵێکەوە لە میسان گەڕایەوە و چاوەڕوانی یارییەکانی داهاتوو دەکات کە بڕیارە رۆژی سێشەممە میوانداری یانەی زەورا بکات هەوڵی ئەوە دەدات پێگەی خۆی لە پێشەوەی ریزبەندی خولەکەدا پتەوتر بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ