رووداو - هەولێر
سەرەڕای وەستانی زۆرینەی چالاکییە وەرزشییەکان لە سەرانسەری جیهاندا، بەهۆی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، هەندێک وڵات خۆیان بەدەستەوە نادەن و رێگە بە بەڕێوەچوونی خول و یارییە وەرزشییەکان دەدەن.
نیکاراگوای نموونەیەکی ئەو وڵاتانەیە، کە خولی تۆپی پێیەکەی رانەگرتووە، زێدەباری ئەوەش میوانداری پاڵەوانێتییەکی بۆکسێنی کردووە، تەنانەت یارییەکانی بە ئامادەبوونی هاندەران بەڕێوەچوون، بەڵکو بلیتەکانی یاریگە بەخۆڕایی دابەش دەکران بۆ ئەوەی زۆرترین هاندەر ئامادەی یارییەکانی بن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی ئامادەبووان کەم بوو، کە تەنیا دەیەکی پەیژەکانی یاریگەکە پڕببوون، کە جێگەی هەشت هەزار هاندەر دەکاتەوە.
رۆزیندۆ ئەلڤارێزی رێکخەری پاڵەوانێتییەکە، کە پێشتر دووجار بووەتە پاڵەوانی جیهان، رەتیکردەوە بەڕێوەچوونی ئەو پاڵەوانێتییە مەترسی هەبێت بۆ بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و گوتی "هەموو رێوشوێنە پێویستەکان گیراونەتەبەر و هیچ مەترسییەک لە ئارادا نییە".
بەپێی ئامارەکان، تاوەکو ئێستا تەنیا 11 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە تۆمارکراون و 3 کەسیش بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ