یەکەم مەرجی چاڤی بۆ مانەوە لە بارسێلۆنا هەمووانی شۆککردووە

27-04-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن چاڤی داروین نونێز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا، یەکەم مەرجی چاڤی هێرناندێز بۆ کارگێڕیی یانەکەی لە بەرامبەر مانەوە لە پۆستی راهێنەری بارسا ئاشکرا دەکەن.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، کارگێڕیی یانەی بارسێلۆنا هەوڵەکانی لە بازاڕی گواستنەوەکاندا دەستپێکردووە بۆ ئەوەی بەڵێنەکەیان بۆ چاڤی ببەنەسەر، دوای ئەوەی پشتڕاستکرایەوە کە چاڤی لە سەرکردایەتیکردنی یانەکە دەمێنێتەوە.
 
بەر لە دوو رۆژ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا دووپاتیکردەوە کە چاڤی وەک راهێنەری یانەکە دەمێنێتەوە، کە پێشتر رایگەیاندبوو لە کۆتایی وەرزدا لە یانەکە دەڕوات.
 
بەپێی ئەو سەرچاوانە، چاڤی مەرجی واژۆکردنی ژمارەیەک گرێبەستی خستووەتە پێش کارگێڕیی بارسا بۆ ئەوەی تیپێکی رکابەریی دروست بکات، کە بتوانێت وەرزی داهاتوو رووبەڕووی یانەی ریال مەدرید ببێتەوە.
 
بەڵام ئەو هەواڵەی لە ئیسپانیاوە لەلایەن رۆژنامەی ئەلپایسەوە بڵاوکرایەوە، گوایە یەکەم مەرجی چاڤی هێنانی داروین نونێزی هێرشبەری یانەی لیڤەرپوولە، هاندەرانی یانەکەی شۆک کردووە.
 
داروین نونێزی یاریزانی ئۆرۆگوایی، لەگەڵ لیڤەرپوول ئاستێکی خراپ پێشکێش دەکات، ژمارەیەکی زۆر هەلی گۆڵکردن بەفیڕۆ دەدات. ئەمەش وایکردووە کەتەلۆنییەکانی تووڕبن.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، داهاتووی نونێز لەگەڵ لیڤەرپوول بەتەواوی لەلایەن ئارن سلۆتی راهێنەری نوێی یانەکە بڕیاری لەسەردراوە و گوایە یۆرگن کڵۆپی راهێنەری رێدز، کە لە کۆتایی وەرزدا لە یانەکە دەڕوات، رێنمایی ئارنی کردووە خۆی بەتەمای ئەو هێرشبەرە نەهێڵێتەوە.
 
هەواڵی دانوستاندن لەگەڵ نونێز لەلایەن هاندەرانی بارسێلۆناوە بەباشی پێشوازی لێنەکرا، چونکە ئەوان دەیانەوێت هێڵی هێرشبردن و هێڵی ناوەڕاست بەهێزتر بکەن بە گرێبەستە کوالیتییەکان.
 
داروین نونێز، یەکێکە لە هۆکارەکانی داڕمانی ئاستی لیڤەرپوول دوای ئەوەی بەدرێژایی وەرز ژمارەیەکی زۆر هەلی گۆڵکردنی بەفیڕۆدا، کە دوایین هەلی ئاسانی بەرامبەر ئیڤێرتن بوو، کە لیڤەرپوول بە دۆڕاندنی ئەم یارییە لە رووی تیۆرییەوە دەرفەتی رکابەریکردن لەسەر نازناوی پرێمەرلیگی لەدەستدا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە