رووداو دیجیتاڵ
لە عوسمان دێمبلییەوە تاوەکو لامین یامال و دواتر رافینیا و ئینجا ئەشرەف حەکیمی و ڤیتینیا و دەیان ئەستێرەی دیکە، ئەمشەو چاویان لەسەر پاریسە و چاوەڕێی ساتێک لەبەختی خۆیان دەکەن، بۆ ئەوەی ببنە براوەی باڵۆندۆری ئەمساڵ.
پاریس شەوێکی دیکەی پڕ لە هەڵچوون و ئامادەبوونی میوانان و رێوڕەسمێکی دیکەی گەورەی دابەشکردنی خەڵاتەکانی باڵۆندۆر بەخۆوە دەبینێت.
پاریس ئەمشەو لە ساتێکی مێژووییدا، براوەیەکی دیکەی خەڵاتە گرانبەهاکە ئاشکرا دەکات و ئیدی یاریزانێکی دیکە، ناوی خۆی لەو لیستە درێژەی گۆڤاری فرانس فوتبۆڵدا دەنووسێتەوە، کە ساڵانێکی زۆرە بەسەر یاریزاناندا دابەشدەکرێت.
بەربژێرانی بردنەوەی خەڵاتەکەی ئەمشەو، بەشی زۆریان لە پاریس سانجێرمانی فەرەنسییەوە سەرچاوە دەگرن کە وەرزی رابردوو، بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا نازناوی چامپیۆنزلیگی بردەوە، جگە لە سیانەی نێوخۆی وڵاتەکە.
عوسمان دێمبێلێ سەرلیستی بەربژێرەکانی یانە پاریسییەکەیە بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە، بەتایبەت کە ئەو کاریگەرترین یاریزانی یانەکە بوو و سانجێرمانیش لەماوەی مانگی رابردوودا پشتگیری وکەمپەینی گەورەی بۆ ئەو ئەستێرەیەی کرد، لەپێناو پێدانی خەڵاتەکە.
لەگەڵ عوسماندا، لامین یامالی ئەستێرەی لاوی بارسێلۆنا، وەک دیارترین ناو دەردەکەوێت. لامین لەگەڵ بارسادا سیانەی نێوخۆیی بەدەستهێنا، درەوشاوە و کاریگەر و جێگەی سەرنج بوو، بەڵام لەدەستدانی نازناوی نەیشنسلیگ، کەمێک لە سەرنجەکانی لەسەرئەو لابرد.
رافینیا بەربژێرێکی دیکەی بەهێزی بردنەوەی خەڵاتەکەیە، ئەو ماوەی زۆر لە وەرزی رابردوودا وەک ئەستێرەی هەرە دیار و کاریگەر و یەکلاکەرەوەی بارسێلۆنا دەرکەوت، بەڵام بوونی رکابەری لەگەڵ لامین، پێناچێ بەختێکی گەورەی بۆ یاریزانە بەرازیلییەکە لەبەردەم خەڵاتەکەدا هێشتبێتەوە.
باڵۆندۆری ئەمساڵ، لە نێو دۆخێکی جیاوازتر لە ساڵانی پێشوو بەڕێوەدەچێت، ئەو یانەیەی زۆرترین بەربژێری هەیە، لە شەوەکەدا کلاسیکۆی فەرەنسا بەرامبەر مارسیلیا ئەنجام دەدات. ریال مەدرید بایکۆتی رێوڕەسمەکەی کردووە و هێشتا بەگومانە لەوەی ساڵی رابردوودا لە دواساتەکانی دابەشکردنی خەڵاتەکەدا روویاندا.
پاریس ئەمشەو پەردە بەڕووی باڵۆندۆرێکی دیکەدا دادەداتەوە و ئیدی رکابەری بۆ بەدەستهێنانەوەی خەڵاتێکی دیکە لە ساڵی داهاتوو، دەستپێدەکاتەوە.
ئەمشەو لە شانۆی شاتلێی فەرەنسا، رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی باڵۆندۆری ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت.
رێوڕەسمەکە کاژێر 21:00 بەکاتی باشووری کوردستان دەستپێدەکات.
دەیان خەڵاتی جیاواز دابەشدەکرێن، باڵۆندۆری پیاوان، باڵۆندۆری ئافرەتان، جامی کوپا بۆ باشترین یاریزانی لاو (کوڕان و کچان)، خەڵاتی یاشین بۆ باشترین گۆڵپارێز، خەڵاتی کرۆیف بۆ باشترین راهێنەر (پیاوان و ئافرەتان) لەگەڵ دەیان خەڵاتی دیکەی جیاواز.
باڵۆندۆ لە ساڵی 1956ەوە دابەشدەکرێت، ئەمساڵ 30 یاریزان رکابەریی لەسەر خەڵاتی باڵۆندۆری پیاوان دەکەن بۆ شوێنگرتنەوەی رۆدری کە دوایین براوەی خەڵاتەکەیە.
خەڵاتی باڵۆندۆر بۆ دەستنیشانکردنی براوە، پشت بەدەنگدانی 100 رۆژنامەڤان لە 100 وڵاتی یەکەمی ریزبەندی فیفا دەبەستێت.
هەر رۆژنامەنووسێکی دەنگدەر، دەبێ لە لیستێکدا 10 باشترین یاریزانی ساڵ دەست نیشان بکات. ناوی یەکەمی لیستی رۆژنامەنووسەکە 15 خاڵ وەردەگرێت، ناوی دووەم 12 خاڵ و سێیەم 10 خاڵ.
لە کۆی دەنگی 100 رۆژنامەنووسەکە، کێ زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنێت، دەبێتە براوەی خەڵاتی باڵۆندۆری ساڵ.
دەنگدانی رۆژنامەنووسەکان لەسەر سێ بنەمای سەرەکی دەبێت:
ئاستی تاکیی یاریزان
ئاستی بەکۆمەڵ و تۆماری وەرز
ئاستی یاریزانەکە و هەستی یاریی خاوێن
دیارترین 5 بەربژێری ئەمساڵی بەدەستهێنانی باڵۆندۆر:
عوسمان دێمبێلێ - پاریس سانجێرمان
لامین یامال - بارسێلۆنا
رافینیا - بارسێلۆنا
ئەشرەف حەکیمی - پاریس سانجێرمان
ڤیتینیا - پاریس سانجێرمان
لە کۆتاییدا پرسیارەکە ئەوەیە، کێ براوەی باڵۆندۆری ئەمساڵ دەبێت؟
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ