حەمە رۆناڵدۆ دەیەوێت سلێمانی بگەیێنێتە خولی پلەدووی عێراق

27-05-2025
سیڤەر بێستوون
نیشانەکردن حەمە رۆناڵدۆ یانەی سلێمانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

حەمە رۆناڵدۆ، یاریزانی یانەی رانیە لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداورایگەیاند "یانەی سلیمانی دەگەیێنینە خولی پلەدووی عێراق".
 
حەمە رۆناڵدۆ، کە یەکێکە لە یاریزانە دیارەکانی خولی نایابی کوردستان و لە هێڵی هێرشبەری یاری دەکات،  بۆ یارییەکانی قۆناخی دووەمی خولی پلەسێی عێراق پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی سلێمانییەوە کردووە. 
 
یانەی سلێمانی سەرکەوتووە بۆ قۆناخی دووەمی خولی پلەسێی عێراق، لە کۆمەڵەیەکدا کە لە پێنچ یانە پێکهاتووە، تاوەکو ئێستا یەک یاریی کردووە و بەیانی رۆژی چوارشەممە رووبەڕوی یانەی حور لە کەربەلا دەبێتەوە. 
 
حەمە رۆناڵدۆ سەبارەت بە پەیوەندیکردنی بە یانەی سلێمانییەوە بە رووداوی راگەیاند "زۆربەی هاوڕێکانم ئێستا لەو یانەیەن، بەخۆشحاڵییەوە راهێنەری یانەکە، هەرێم کەلاری پەیوەندی پێوە کردم بۆ ئەوەی پەیوەندی بەیانەی سلێمانییەوە بکەم و منیش نەمتوانی داواکارییەکەی رەتبکەمەوە".
 
ئەو هەروەها گوتی "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی سلێمانی بگەیێنینەوە شوێنی راستەقینەی خۆی". 
 
حەمە، لەسەر داهاتووی لەگەڵ یانەی رانیە بۆ رووداو ئاشکرایکرد "جارێ هیچ شتێک دیارنییە لەسەر داهاتووم لەگەڵ رانیە، چاوەڕێی ئامادەکارییەکانی وەرزی نوێ دەکەم و ئینجا بڕیار دەدەم کە ئایا دەمێنمەوە یان دەڕۆم". 
 
حەمە رۆناڵدۆ، وەرزی رابردوو یەکێک لە کاریگەرترین یاریزانەکانی یانەی رانیە بوو، کە بە 5 گۆڵ و 12 ئەسیست، رۆڵی گرنگی هەبوو لە هێشتنەوەی یانەکە لە خولی نایابی کوردستان. 
 
یانەی سلێمانی لە قۆناخی دووەمدا لە کۆمەڵەیەک یاری دەکات، کە پێکهاتووە لە یانەکانی خەلیجی عەرەبی، بەلەدرۆز، حور و رەد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە