دهۆک لە دۆخێکی ئاڵۆزدا میوانداریی نەورۆز دەکات

29-06-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یاریگەی دهۆک خولی ئەستێرەکانی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە درێژەی یارییەکانی گەڕی 37 و پێشکۆتایی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، هەردوو یانەی دهۆک و نەورۆز رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
یارییەکە ئەمشەو کاژێر 21:30 لە یاریگەی دهۆک بەڕێوەدەچێت و ئەلهویێن چیا دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر بردنەوەکان و لە دوایین یارییدا لەم وەرزەی خولەکەدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
 
دهۆک لە دۆخێکی خراپدایە و هەشت یارییە هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، ئەنجامەکانی ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتووەتەوە و هاندەرانی یانەکە نیگەرانن.
 
یانەکە لەکاتێکدا ئەم یارییە ئەنجامدەدات، شەوی شەممە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق سزایەکی تووندی بەسەر یانەکەدا سەپاند، بەهۆی ئەو رووداوانەی لە یاریی یانەکەیان بەرامبەر هەولێر روویدا، یانەکە بەبێ هاندەر یاریی ئەمڕۆی ئەنجامدەدات، 25 ملیۆن دینار سزای دارایی بەسەردا سەپێنرا، جاسم حاجی، سەرپەرشتیاری تیپەکە بۆ دوو یاری راگیرا و بە 3 ملیۆن دینار سزادرا، هەریەکە لە لوکاس تورسی، موسیس لوکاس و مارلۆن دۆس سانتۆس، یاریزانانی یانەکەش بە دوو یاری و 5 ملیۆن دینار سزادران.
 
یانەی نەورۆز چوار یارییە نەدۆڕاوە و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و بۆ بردنەوەیەکی دیکە سوود لە دۆخی خراپی یانەی دهۆک وەربگرێت.
 
قەحتان جسیر، راهێنەری یانەی نەورۆز بە رووداوی گوت "سەرەڕای ئەوەی بەشێکی یاریزانەکانمان بەهۆی پێکانەوە ئامادەنین، بەڵام ئامادەکارییەکی باشمان بۆ یارییەکە کردووە و چاومان لە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشە."
 
راهێنەری نەورۆز دەڵێت " ئەگەر هەڵەی ناوبژیوانان نەبووایە ئێستا شوێنەکەمان لە ریزبەندی خولی عێراقدا باشتر دەبوو، هەرچەند ئێستا لە پلەیەکی باشداین."
 
لەلایەن خۆیەوە ئەمیر ئازرەفشان، راهێنەری یانەی دهۆک بە رووداوی گوت "هاندەرانی یانەی دهۆک ناحەقیان نییە ناڕازیبن لە ئەنجامەکانی یانەکە، ئێمەش نیگەرانین کە نەمانتوانیووە سەرکەوتن بەدەستبهێنین، بەڵام یاریزانەکان کەمتەرخەمیان نەکردووە."
 
راهێنەری دهۆک دەڵێت "نەمانتوانیووە بەدرێژایی 90 خولەک باشبین، یان لە نیوەی یەکەمدا باشبووینە یانیش لە نیوەی دووەمدا، ئاستێکی بەرز پێشکێشدەکەین و هەلی زۆر دەرەخسێنین، بەڵام ناتوانین یارییەکان ببەینەوە، پشتبەخوا ئەم دۆخە دەگۆڕێت و بەباشی خۆمان بۆ جامی عێراق ئامادەدەکەین."
 
لە ریزەکانی یانەی دهۆک بۆ یارییەکەی ئەمشەوی بەرامبەر نەورۆز، هەریەکە لە زانا عەلی بەهۆی پێکان، هاروون ئەحمەد بەهۆی کارتی سوور، پێتەر گۆرگیس بەهۆی ئامادەنەبوون، لوکاس تورسی، لوکاس مۆسیس و مارلۆن دۆس سانتۆس بەهۆی سزادان، محەممەد سەعید بەهۆی پێکانەوە یاری ناکەن.
 
لە یانەی نەورۆز هەریەکە لە کلاودیۆ ئۆلیڤێرا، محەممەد زریقات و راستگۆ فەریق بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە