دیێگۆ سیمیۆنی: ئینتەر بەهێزترین تیپی ئەورووپایە

27-11-2025
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن دیێگۆ سیمیۆنی
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدرید، سەرەڕای بردنەوەیان لە ئینتەرمیلان، ئەو یانەیە بە بەهێزترین تیپی چامپیۆنزلیگ دادەنێت و ئارسیناڵ پشتگوێ دەخات. هاوکات ئاماژە بە ئەگەری وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی یانە ئیتاڵییەکە دەکات.
 
سەرەڕای ئەوەی ئاتلێتیکۆ مەدرید بە گۆڵێکی درەنگ و لە خولەکی 93ـدا توانی بەئەنجامی 2-1 لە ئینتەرمیلان بباتەوە، بەڵام دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەری ئەرجەنتینی بڕوای وایە هێشتا یانە ئیتاڵییەکە بەهێزترینە. خۆسێ ماریا خیمینێز بە لێدانێکی سەر یارییەکەی یەکلاکردەوە، دوای ئەوەی جولیان ئەلڤارێز گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد و پیۆتەر زیێلینسکی ئەنجامەکەی بۆ ئینتەر یەکسانکردەوە.
 
ئارسیناڵ تاکە تیپە هەموو یارییەکانی لە چامپیۆنزلیگ بردبێتەوە و پێشتر 4-0 لە ئاتلێتیکۆ مەدریدی بردووەتەوە، بەڵام سیمیۆنی لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان گوتی "هیچ گومانێک نییە، ئینتەر بەهێزترین تیپی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپایە".
 
راهێنەرەکەی ئاتلێتیکۆ باسی سیناریۆی یارییەکە و کاریگەری یاریزانە یەدەگەکانی وەک گریزمان و سۆرلۆت کرد و گوتی "ئێمە نیوەی یەکەم هەوڵی راگرتنی ئەوانمان دا و لە نیوەی دووەم بەهۆی یاریزانەکانمانەوە توانیمان سەرکەوتن بەدەستبهێنین".
 
سەبارەت بە داهاتووی خۆی و پەیوەندی بە یانە ئیتاڵییەکەوە، کە پێشتر یاری بۆ کردووە، سیمیۆنی بە راشکاوی گوتی "تەنیا لەسەر من نەوەستاوە، بەڵام لە کاروانی راهێنەرایەتیمدا رۆژێک خۆم وەک راهێنەری ئینتەرمیلان دەبینم، پێموایە رۆژێک ئەوە روودەدات".
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید بەم بردنەوەیە کۆی خاڵەکانی گەیاندە 9 خاڵ و هیوای گەیشتنی راستەوخۆی بە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ زیندووکردەوە. یاریی داهاتووی یانەکە لە ئەورووپا بەرامبەر ئایندهۆڤن دەبێت لە 9ـی مانگی 12ـی 2025.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە