ڤیدیۆ.. ئۆکراینییەکان بە شەترەنج رووبەڕووی سوپای رووسیا دەبنەوە

28-03-2022
ئیحسان تاهیر
Photo by Aleksey Filippov / AFP
Photo by Aleksey Filippov / AFP
نیشانەکردن شەترەنج شەڕی رووسیا و ئۆکراینا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لە ئۆکراینا، بەدیاریکراویش لە شاری لڤیڤ، شەترەنج لە جەنگ بەهێزترە، ئەمە ئەو راستییە کە بە سەیرکردنی شەقامەکانی ئەو شارە لێی دڵنیا دەبیتەوە.
 
تۆ سەیری شەقامەکانی لڤیڤ بکە، لە کاتێکدا جیهان چاوەڕێ دەکات تانک و دەبابەکانی سوپای رووسیا بگەنە نێو شارەکەیان، کە 70 کیلۆمەتر لە کیێڤی پایتەخت دوورە و هێشتا شەڕ نەگەیشتووەتێ، خەڵکی شارەکە لەنێو شەقامەکاندا خەریکی یاریکردنی شەترەنجن.
 
ئەوان هێندە شەیدای شەترەنجن، شارەکەیان بە پایتەختی شەترەنج نێودەبرێت، بۆ نا؟ لەو شارەدا، کە ژمارەی دانیشتووانی 700 هەزار کەسە، زیاتر لە 20 تاوەکو 30 شەترەنجزان هەن، کە بڕوانامەی مامۆستای شەترەنجیان هەیە، گەورەترین بڕوانامەی ئەو یارییە.
 
ئەو شەترەنجزانانە لەسەر شەقامی سەرەکی شاری لڤیڤ شەترەنج دەکەن بۆ ئەوەی هەم پەیامی ئەوە بە جیهان بدەن، کە ئەوان ئارامن و بەنیازی خۆبەدەستەوەدان نین بەرامبەر هێرشی رووسەکان، هەمیش بۆ ئەوەی لە رێگەی شەترەنجەوە پارە کۆبکەنەوە و بۆ  یارمەتیدانی سەربازەکانیان لە بەرەی جەنگ بنێرن.
 
ئۆلیکساندەر گوزار، یەکێکە لە یاریزانانی شەترەنج، لە لڤیڤ، ئەو رۆژانە بەمەبەستی یارمەتیدانی سەربازانی وڵاتەکەی شەترەنج دەکات.
 
ئۆلیکساندەر گوزار، دەڵێت "من بۆچی شەترەنج دەکەم؟ بێگومان بۆ ئەوەی یارمەتی سوپاکەمان، سوپای ئۆکراینا بدەم، بەو پارەیەی لە یاریکردن دەستم دەکەوێت کەلوپەل و پێداویستی دەکڕم و دەخەمە سندووقەکانی کۆمەک لە دوکان و مۆڵەکاندا، کە بۆ سەربازەکانمان دەچن".
 
دیمەنەکانی شەترەنجکردن بەشێوەیەکی بەربڵاو لەسەر شەقامەکانی لڤیڤ، دڵنیایی و ئارامییەک بە دەروونی خەڵکی شارەکە دەبەخشێت، چونکە ئەو دیمەنە بۆخۆی هەڵگری پەیامێکە کە بە جیهان و رووسەکان دەڵێت "ئێمە نابەزین و ناترسێین".
 
ئاندرێ فۆلۆکیتین، یەکێکە لە بەنێوبانگترین شەترنجزانانی ئۆکراینا و جیهان، ئەو کە خاوەنی بڕوانامەی مامۆستای گەورەیە لە شەترەنج، هانی شەترەنجزان و وەرزشوانانی وڵاتەکەی دەدات بەهیچ شێوەیەک یاریی بەرامبەر وەرزشوانانی رووسیا و بیلاڕووس نەکەن، بەتایبەتیش کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو پاڵەوانێتی ئەوروپا لە شەترەنج لە سلۆڤینیا دەستپێبکات.
 
ئاندرێ فۆلۆکیتین، دەڵێت "ئێمە دەمانەوێت پەیامێکی کراوە بۆ شەترەنجزان و وەرزشوانانی هەموو جیهان بنێرین و پێیانبڵێین ئێمە بەرامبەر رووسی و بیلاڕووسەکان یاری ناکەین، لە کاتێکدا سوپای وڵاتەکانیان سەرقاڵی کوشتنی ژن و منداڵەکانمانن و شار ودێهاتەکانمان خاپوور دەکەن".
 
ئەوەی وایکردووە ئۆکراینییەکان لە بەرامبەرد سوپای زەبەلاحی رووسیادا خۆڕاگر بێت ئەوەیە کە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ئۆکراینی یەکگرتوون لە بەرگریکردن لە وڵاتەکەیان، هەر یەکەو لە رێگەی ئەو پیشەیەوە کە دەیکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە