سەڵاح دەیەوێت رکابەریی رۆناڵدۆ بکات

28-05-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن محەممەد سەڵاح کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد سەڵاح، ئەستێرەی میسری و یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی دەڵێت "دەتوانێت تاوەکو تەمەنی 40 ساڵی لە یارییکردن بەردەوامبێت."
 
باشترین یاریزان و گۆڵکاری ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ، بە وەرزێکی نایابدا تێپەڕی و 29 گۆڵ 18 ئاسیستی لە پرێمەرلیگدا هەبوو و سەرکردایەتیی یانەکەی کرد بۆ بردنەوەی پرێمەرلیگ.
 
سەڵاح بەر لەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ لیڤەرپوول نوێبکاتەوە، دەستەوارەی گەورەی لە سعودیەوە هەبوو کە لانیکەم 500 ملیۆن یۆرۆی بەدەستدەهێنا، بەڵام ئەوەی رەتکردەوە و مانەوەی لە لیڤەرپوول هەڵبژارد.
 
محەممەد سەڵاح دەڵێت "ئەگەر رای منتان دەوێت، پێموایە دەتوانم تاوەکو تەمەنی 39 بۆ 40 ساڵ لە یارییکردن بەردەوامبم، بەڵام ئەگەر پێشتر هەستم بکردایە وازبهێنم، وازم دەهێنا."
 
محەممەد سەڵاح، زیاتر قسەیکرد و گوتی "گرێبەستەکەم لەگەڵ لیڤەرپوول تەواو بوو و دەمتوانی بچمە سعودیە، بەڵام گرێبەستەکەم نوێکردەوە."
 
ئەستێرە میسرییەکە دەڵێت "دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەشی لە هاوینی 2027 توانای ئەوەی دەبێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یاری بکات، پەیوەندییەکی زۆرباشی لەگەڵ ئەوان هەیە و هەمیشە لە پەیوەندیدا دەمێنێتەوە، کە مەبەستی لەو پەیوەندییە کە لەگەڵ یانەکانی سعودیە هەیە."
 
گۆڵکاری پرێمەرلیگ لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی "نازانم چی روودەدات، بەڵام من لێرە لە لیڤەرپوول دڵخۆشم و بۆ دوو ساڵی داهاتوو لێرە دەمێنمەوە، دواتر دەبینین چی روودەدات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە