رووداو دیجیتاڵ
یانەی زاخۆ دوایین یاریی ئەم وەرزەی لە یاریگەی خۆیدا لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا ئەنجامدەدات و دەیەوێت بەبردنەوەیەکی دیکە هاندەرانی دڵخۆشبکات.
ئەمشەو کاژێر 21:30 لە رکابەرییەکانی گەڕی 37 و پێشکۆتایی خولەکەدا، یانەی زاخۆ لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی یانەی جەوییە دەکات و دەیەوێت بەبردنەوەیەکی دیکە هاندەرانی دڵخۆشبکات و درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
شەوی هەینی یاریزانانی یانەی زاخۆ بە ورەیەکی بەرزەوە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانیان بۆ یارییەکە ئەنجامداوە و چاویان لە بردنەوەی سێ خاڵی دیکەیە.
ئەم وەرزەی خولی عێراق بۆ زاخۆ تایبەت بوو، یانەکە دووجار لە شورتەی بردووەتەوە، یارییەکی لە زەورا بردووەتەوە و لە یارییەکدا یەکسانبووە، یارییەکی لە تەڵەبە بردووەتەوە و لە یارییەکدا بەرامبەری یەکسانبووە و ئەمشەو دەیەوێت لە جەوییەش بباتەوە.
زاخۆ پلەی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقی مسۆگەر کردووە و وەرزی داهاتوو بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بەشداری لە پاڵەوانێتییەکی دەرەوەدا دەکات.
لە دوایین 7 یارییدا زاخۆی دەلال، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و ئەمڕۆش سوور و سپییەکان دەیانەوێت بەبردنەوەی سێ خاڵی دیکە کۆرنیش و پردی دەلال پڕبکەن لە خۆشی و ئاهەنگ.
هاندەرانی یانەی زاخۆ بۆ یارییەکەی ئەمشەویان بەرامبەر جەوییە، کەرنەڤاڵێکی گەورە، مێژوویی و جیاوازییان ئامادەکردووە و دەیانەوێت سەرنجی هەمووان بەلای خۆیاندا رابکێشن.
نێچیرڤان نەزیر، سەرپەرشتیاری چالاکییەکانی کۆمەڵەی هاندەرانی یانەی زاخۆ بە رووداوی گوت "تیفۆیەکی 300 مەتری کە لە ئاڵای کوردستان پێکهاتووە بۆ یارییەکە ئامادەکراوە، 30 هەزار لۆگۆی یانەی زاخۆ لەسەر پەیژەکانی یاریگەی یانەکە دانراون و هەمووان بەیەکەوە بەرزی دەکەنەوە."
جگە لەوە ماسکی سوور و سپیی رەنگی یانەی زاخۆ بۆ 100 کەس ئامادەکراوە، ئاهەنگێکی هونەری، میوزیک و گۆرانی بەر لە بەڕێوەچوونی یارییەکە ئەنجامدەدرێت و خەڵاتی رێزلێنانیشی تێدا دەبێت.
ئولتراسی یانەی زاخۆ داوا لە هاندەرانی یانەکە دەکات کاژێر 20:00 لە یاریگە ئامادەبن بۆ ئەوەی ئەو کەرنەڤاڵە جیاوازەیان لێ نەڕوات، لەکاتێکدا کاژێرێک و نیو بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە رێوڕەسمەکان دەستپێدەکەن.
.jpg)
.jpg)
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ