رووداو دیجیتاڵ
خۆرخێ جیسۆس، راهێنەری پۆرتوگالی بەڵێن بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەدات ئەگەر ببێتە راهێنەری یانەی نەسڕ تیپێکی بەهێز و شکست نەخواردوو ئامادە دەکات و پێکەوە چەندین نازناو دەبەنەوە،
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان بەڵێنێکی سەرنجڕاکێشیان ئاشکراکرد کە خۆرخێ جیسۆسی پۆرتوگالی، راهێنەری پێشووی یانەی هیلالی سعودی، بەئەفسانەی پۆرتوگالی کریستیانۆ رۆناڵدۆی کاپتنی یانەی نەسڕی داوە، لە ئەگەری بوونی بە راهێنەرای یانەی نەسڕ لە وەرزی داهاتوودا.
یانەی نەسڕ لە چەند رۆژی رابردوودا هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی راهێنەرە ئیتاڵییەکەی، ستیفانۆ پیۆلی راگەیاند، ئەمەش دوای ئەنجامە خراپەکانی وەرزی 2024-2025 هات، کە بەدەستی بەتاڵ و بەبێ هیچ نازناوێک کۆتاییپێهێنا.
قەیرانەکانی تیپی نەسڕ لەگەڵ راهێنەرە ئیتاڵییەکە تەنیا لە شکستهێنان لە بەدەستهێنانی نازناودا نەوەستا، بەڵکو گەیشتە ئاستی سەرنەکەوتن بۆ خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیای بژاردە بۆ وەرزی داهاتوو.
بەپێی نوێترین راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، خۆرخێ جیسۆس بەهێزترین بەربژێرە بۆ جێگرتنەوەی پیۆلی لە سەرکردایەتیکردنی نەسڕدا، گوایە رۆناڵدۆ پێیباشە ئەو ببێتە راهێنەری.
بەگوێرەی میدیای سعودی، مەرجێکی رۆناڵدۆ بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ نەسڕ ئەوەبووە هەر یاریزانێک بەدڵی نەبێت پێویستە بەڕێبکرێت، هەر یاریزانێکیش بێنن دەبێت رۆناڵدۆ پێی رازی بێت.
رۆژنامەنووسی وەرزشی نیکۆلا شیرا، پسپۆڕی هەواڵەکانی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان و راهێنەران، لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی "ئێکس" رایگەیاندووە، گرێبەستی جیسۆس لەگەڵ نەسڕ، لە ئەگەری رێککەوتن لەگەڵیدا، بۆ ماوەی دوو وەرزی تەواو دەبێت، تاوەکو 30ـی حوزەیرانی 2027.
لەم چوارچێوەیەدا رۆژنامەی عوکازی سعودی لە راپۆرتێکیدا روونیکردەوە، کە جیسۆس هەوڵیداوە لە کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی یانەکەوە نزیک بێتەوە بۆ ئەوەی پڕۆژە هونەرییەکەی پێشکێش بکات و خۆی وەک بەربژێرێکی بەهێز بۆ سەرکردایەتیکردنی نەسڕ نیشان بکات".
ئەو سەرچاوەیە باس لەوەش دەکات کە ئەم هەوڵانە لەوانەیە رووبەڕووی رەتکردنەوە ببنەوە لەلایەن لایەنە کاریگەرەکانی ناو نەسڕەوە کە راهێنەرە پۆرتوگالییەکە بە بژاردەی نموونەیی بۆ قۆناخی داهاتوو نابینن، بەتایبەتی کە راهێنەری هیلالی رکابەریان بووە، بەڵام رۆناڵدۆ دەتوانێت
راپۆرتەکە زیاتری نووسیوە "جیسۆس راستەوخۆ پەیوەندی بە کریستیانۆ رۆناڵدۆوە کردووە و دیدگای هونەریی خۆی پێ راگەیاندووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە خاوەنی پڕۆژەیەکە کە دەتوانێت تیپێکی زۆر بەهێز و شکست نەخواردوو دروست بکات، ئەمەش بەپشتبەستن بە زانیارییە وردەکانی دەربارەی پێکهاتەی نەسڕ و کلیلەکانی یاریی لەنێو یاریگادا".
جیسۆس لە دوو ماوەی جیاوازدا راهێنەرایەتی هیلالی کردووە، کە دوایینیان وەرزی رابردوو بوو، پێش کۆتاییهاتنی وەرزەکە رۆیشت، ئەمەش دوای دەرکرانیان لە قۆناخی پێش کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیای بژاردە لەسەر دەستی ئەهلی، ئەو دۆڕانەی کە بووە هۆی ئەوەی یانەی هیلال بەدەستی بەتاڵ لەهەموو پاڵەوانێتییەکان دەربچێت، لەوانەش خول و جامی شا.
کارگێڕیی یانەی نەسڕ لە کۆتاییدا سەرکەوتوو بوو لە نوێکردنەوەی گرێبەستی کریستیانۆ رۆناڵدۆ تاوەکو هاوینی 2027، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو سەقامگیرییە هونەرییەی کە یانەکە هەوڵی بۆ دەدات وەک ئامادەکارییەک بۆ وەرزی نوێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ