خانمە یاریزانێکی تورک بە لێدوانێک هەرا دەنێتەوە

28-07-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئایجان یاناچ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

خانمە یاریزانێکی تورک داوای بەشداری لە خولی پیاوان دەکات و هەڕەشەی بەرەنگاربوونەوەی پیاوان دەکات.
 
ئایجان یاناچ، خانمە یاریزانی تۆپی پێ بە لێدوانەکانی دەربارەی خولی نایابی تورکیا 'سوپەرلیگ' مشتومڕێکی گەورەی دروست کرد. 
 
یاناچ رایگەیاند کە پێویستە تیپەکانی تۆپی پێی خانمانیش لە رکابەرییەکانی خولی پیاواندا بەشدار بن و ئاماژەی بەوەدا کە هەندێک تیپی ژنان ئاستێکیان هەیە کە شایستەی ئەوەن لانیکەم لە پێنج پلەی یەکەمدا بن.
 
یاناچ، کە ئێستا یەکێکە لە رووخسارە ناسراوەکان لە تورکیا، پێشنیازێکی سەرنجڕاکێشی خستەڕوو و داوای کرد تیپەکانی تۆپی پێی ژنان لە خولی نایابی تورکیادا بەشداربن و گوتی "پێویستە تیپەکانی تۆپی پێی ژنانیش لە سوپەرلیگی تورکیادا ئامادەبن، هەندێک تیپ هەن کە ئاستێکیان هەیە شایستەی ئەوەبن لانیکەم بگەنە پێنج پلەی یەکەم".
 
بەڵام لێدوانەکانی یاناچ رووبەڕووی رەخنەیەکی بەرفراوان بووەوە لەلایەن هاندەرانەوە، بەتایبەتی هاندەرانی پیاو، کە دژایەتیی خۆیان بۆ بیرۆکەکە دەربڕی و بە نا لۆژیکی و زیادەڕەویان زانی. ئەمەش دەرگایەکی فراوانی بۆ گفتوگۆ لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کردەوە.
 
لە بەرامبەردا هەندێکی دیکە پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ یاناچ دەربڕی و جەختیان لەوە کردەوە کە پێشکەوتنی تۆپی پێ دەبێت دووربێت لە جیاوازییەکانی نێوان رەگەزەکان و پێدانی دەرفەت بە ژنان بەشداری دەکات لە گەشەکردنی گشتیی یارییەکەدا.
 
ئایجان یاناچ لە ئەڵمانیا لەدایکبووە و کاروانی وەرزشیی خۆی لە ئەورووپا دەست پێکردووە، پێش ئەوەی ببێتە نوێنەری هەڵبژاردەی ژنانی تورکیا. هەروەها ناوبانگێکی زۆری لەڕێگەی بەشدارییە سەرکەوتووەکەی لە بەرنامەی "سێرڤایڤەر" بەدەستهێنا.
 
یاناچ لە بنەڕەتدا خەڵکی شاری ئیزمیری تورکیایە، بەڵام لە 21ـی تشرینی دووەمی 1998 لە شاری نورنبێرگی ئەڵمانیا لەدایکبووە.
 
باڵای یاناچ 170 سانتیمەترە و یاریزانی هەڵبژاردەی یەکەمی تۆپی پێی ژنانی تورکیایە. کاروانی وەرزشیی لە ئەڵمانیا دەستپێکردووە، سەرەتا لەگەڵ یانەی نورنبێرگ یاریی کردووە، پاشان رووی لە یانەی کۆڵن کردووە بۆ درێژەدان بە کاروانە وەرزشییەکەی.
 
بۆ یەکەمجار لە 4ـی ئابی 2015 لەگەڵ هەڵبژاردەی تورکیای خوار 19 ساڵان بەشداری کرد، لە چوارچێوەی پاڵەوانێتییەکی پەرەپێداندا کە لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا رێکخرابوو. یەکەم یاریی دژی هەڵبژاردەی بۆسنە و هێرسک بوو. هەروەها لە پاڵاوتنەکانی جامی نەتەوەکانی ئەورووپای ژنانی خوار 19 ساڵان بۆ ساڵی 2016 یاریی کرد و دوو یاری لە پاڵاوتنەکاندا ئەنجامدا.
 
لە 7ـی نیسانی 2018 بۆ یەکەمجار بانگهێشتی هەڵبژاردەی یەکەمی تورکیا کرا بۆ یارییەکی دۆستانە بەرامبەر ئیستۆنیا، بەمەش سەرەتایەکی نوێی لە کاروانی نێودەوڵەتیی خۆیدا تۆمارکرد.
 
یاناچ بە یەکێک لە دیارترین نموونە وەرزشییە گەنجەکانی تورکیا دادەنرێت، کە سەرەڕای تەمەنی کەمی، توانیویەتی ئامادەیی بەرچاوی خۆی لە یاریگاکاندا بسەلمێنێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە