رووداو دیجیتاڵ
لە چەند کاژێری رابردوودا، دەنگۆی ئاگرکەوتنەوە لە ژووری جلگۆڕینی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی، یاریزانی یانەی نەسڕی سعودی، لە کەمپی ئامادەکاریی یانەکە لە نەمسا بڵاوبووەوە، کە یانەکە بۆ ئامادەکاریی وەرزی نوێ لەو وڵاتەیە.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، لە کاژێرە کەمەکانی رابردوودا کێشەیەک لە ژووری کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە کەمپی یانەکە لە نەمسا روویداوە، دوای ئەوەی زەنگی ئاگادارکەرەوەی ئاگر لێیداوە.
دووپاتیش کراوەتەوە کە کێشەیەک لە ژووری کاپتنی یانەی نەسڕدا هەبووە لەو هۆتێلەی تێیدا دەمێننەوە و هەواڵەکە بەخێرایی گەیشتووەتە ژووری جلگۆڕینی یاریزانان
راپۆرتەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە "کارگێڕیی ئەو هۆتێلەی یانەی نەسڕ تێیدا دەمێنێتەوە راستەوخۆ پەیوەندییان بە ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوەوە کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و دووپاتکراوەتەوە کە گەرمکەرێکی ئاوی نێو ژووری جلگۆڕینی کریستیانۆ رۆناڵدۆ هۆکاری رووداوەکە بووە و کارگێڕیی هوتێلەکەش سەرکەوتوو بووە لە کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکە".
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، رۆژی هەینی رابردوو پەیوەندی بە کەمپی یانەی نەسڕەوە کرد، دوای ئەوەی بەهەماهەنگی لەگەڵ راهێنەری پۆرتوگالی، خۆرخێ خیسۆس کە بەڕێوەبەری هونەری یانەکەیە، پشوویەکی درێژی وەرگرتبوو.
هەندێک سەرچاوەی دیکەش دەڵێن رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە دوور بووە لەو نهۆمانەی کە ژووری یاریزانانی نەسڕی لێیە، ئەمەش بەو مانایەیە کە لە ژوورەکەی کریستیانۆدا نەبووە وەک ئەوەی دەنگۆی لەسەر بڵاوکرایەوە.
یانەی نەسڕ ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی نوێ بە بردنەوەیەکی گەورە بەئەنجامی 5-2 لە یانەی یۆهانی نەمساوی لە رۆژی هەینی دەستپێکرد، کە یەکەم یاریی راهێنەری نوێی پورتوگالی، خۆرخێ خیسۆس بوو، کە شوێنی راهێنەری ئیتاڵی، ستیفانۆ پیۆلی گرتووەتەوە.
هەندێک سەرچاوەی دیکەش دەڵێن "کریستیانۆ زۆر تووڕەیە و دەیەوێت کەمی ئامادەکاری یانەی نەسڕ جێبهێڵێت، لەبەرئەوەی ئاسوودە نییە و گلەیی لە لایەنی رێکخستنی کەمپەکە هەی و ئاسوودە نییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ