رووداو هەولێر
یانەی نەسڕی سعودی بۆ 'رووداو سپۆرتس'ی ئاشکراکرد، هێشتا چارەنووسی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی یانەکە لەبارەی گەشتکردن بۆ بەغدا و بەشداریکردن لە یارییەکەی زەورا لە چامپیۆنزلیگی دووەمی ئاسیا، یەکلایی نەبووەتەوە.
رۆژی چوارشەممە، لە گەڕی دووەمی چامپیۆنزلیگی دووەمی ئاسیا، یانەی زەورا لەنێو یاریگەی خۆیدا کاژێر 19:15 میوانداری یانەی نەسڕی سعودی دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا هاتن یان نەهاتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ یانە سعودیەکە بۆ بەغدا یەکلایی نەبووەتەوە.
دوو رۆژ لەمەوپێش، یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بەفەرمی یانەی زەورای ئاگادار کردەوە، بە فەرمانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا نابێت هیچ یارییەکی خولی نێوخۆ لەنێو یاریگەکەی یانەکەدا ئەنجامبدرێت و دەست بە ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی یاری زەورا و نەسڕ کراوە.
هاتنی کریتسیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرە جیهانییەکەی نەسڕ بووەتە دەنگۆ و هەواڵی گەورەی میدیاکان و قسەی زۆری لەسەر دەکرێت، سەعید ئەبوداهش، بەرپرسی پەیوەندییەکانی یانەی نەسڕی سعودی، ئەمڕۆ یەکشەممە لە لێدوانێکی تایبەت بە 'رووداو سپۆرتس' رایگەیاند "ئێمە وەک یانەی نەسڕ پرسی گەشتکردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆمان بۆ بەغدا یەکلایی نەکردووەتەوە، رۆژی دووشەممە بەرچاو روونیمان دەبێت و ئەوکات کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی سازدەکەین و تەواوی ناوی پێکهاتەی تیپەکەمان و شاندەکە بۆ میدیاکان ئاشکرا دەکەین".
لای خۆیەوە، یەحیا محەممەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی زەورا، بە 'رووداو سپۆرتس'ی راگەیاند، "یانەی نەسڕی سعودی ناوی 100 کەسی بۆ یانەی زەورا ناردووە بۆ ئەوەی ڤیزای عێراقیان بۆ وەربگیرێت، لەنێویاندا ناوی کریستیانۆ رۆناڵدۆش لە لیستەکەدا هەیە و بڕیارە رۆژی سێشەممە شاندی نەسڕ بگاتە بەغدا و هۆتێل 'قەلب ئەلعالەم' شوێنی پشوودانی یانەکە دەبێت".
وێڕای لێدوانی نوێنەرانی هەردوو یانە، تاوەکو ئێستا، گەشتکردنی رۆناڵدۆ لەگەڵ شاندی یانەی نەسڕ بۆ بەغدا یەکلایی نەبووەتەوە. بەتایبەت کە هەندێک لەسەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، رۆناڵدۆ بەپێی گرێبەستەکەی لەگەڵ نەسڕ، ئازادە لەوەی گەشتی کام وڵات بکات، بۆ بەشداریکردن لە یارییەکانی یانەکە.
بەڵام بەرپرسی پەیوەندییەکانی یانەی نەسڕی سعودی دەڵێ، "ئەو دەنگۆیانەی دەڵێن رۆناڵدۆ ئازادە لەوەی گەشتی هەر وڵاتێک بکات بۆ بەشداریکردن لە یارییەکانی یانەکە، راست نییە. ئەو یاریزانی نەسڕە و گەشتی وڵاتان بەدەست خۆی نییە".
وەرزی رابردوو یانەی نەسڕ لە هەمان پاڵەوانێتیی لەنێو یاریگەی مەدینە لە بەغدا یاری لەگەڵ یانەی شورتە کرد، بەڵام کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئامادەنەبوو سەردانی عێراق بکات.
پێشتر کەریم بنزیما، ئەستێرەی یانەی ئیتیحادی سعودی لەکاتی یارییان بەرامبەر یانەی جەوییە، لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا سەردانی هەولێری کرد، هاتنی ئەستێرە فەرەنسییەکە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، چاوەڕوانییەکان لەسەر هاتنی رۆناڵدۆ بۆ بەغدا گەورەن و بەرپرسانی بەغدا دەیانەوێت بە کەرنەڤاڵێکی گەورە پێشوازی لە دۆن بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ