رودیگێر شێتە و پێویستی بە پزیشکی دەروونییە؟

29-04-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئایا پێویستە رودیگێری یاریزانی ریال مەدرید سەردانی پزیشکی دەروونی بکات؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە ئەو یاریزانە بەهۆی هەمیشە دووبارەکردنەوەی هەڵسوکەوتە نامۆکانی لەنێو یاریگادا خستووەتە مێشکی هەموو کەسێک.
 
ئەنتۆنیۆ رودیگێر یەکێکە لە بەرگریکارە بەتواناکانی جیهان، خاوەنی لێهاتوویی جەستەیی و هێزێکی بەرپەرچدانەوەی گەورەیە. کە وایلێدەکات ببێتە یاریزانێکی سەرەکی یانەی ریال مەدرید و هەڵبژاردەی ئەڵمانیا.
 
ئەو یاریزانە بەهۆی شێوازی بەرگری تووند و یەکلاکەرەوەی خۆیەوە چەندین نازناوی بەدەستهێناوە، بەڵام بەپێچەوانەی ئەم توانایانە، ناوی رودیگێر پەیوەستە بە رەفتاری مشتومڕاوی و هەندێکجاریش ناوەرزشییەوە، ئەمەش پرسیار لەسەر توانای کۆنتڕۆڵکردنی هەستەکانی لەژێر گوشاردا دروست دەکات.
 
ئەم جیاوازییە لەنێوان بەهرەمەندە گەورەکان و کێشە دیسپلینییە دووبارەبووەکانیان، پرسیار لەبارەی سروشتی ئەو رەفتارانە دروست دەکات و ئەو پرسیارە دێنێتە ئاراوە کە ئایا پێویستە پسپۆری دەروونی دەستوەردان بکات؟!
 
تەقینەوەی لەیاریی کۆتایی جامی شادا
 
رووداوەکەی یاریی کۆتایی جامی شای 2025 خاڵێکی گەرم بوو کە ئەم لایەنە مشتومڕاوییەی کەسایەتی رودیگێری خستە بەرچاو.
 
لە ساتەوەختە گرژەکاندا کە بەرەو کۆتایی یارییەکە، کە ریال مەدرید دۆڕاوە، رودیگێر سەرەڕای ئەوەی لە دەرەوەی یاریگا بوو بەتووڕەییەوە تەقییەوە. لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوێت کە هەوڵدەدات شتێک لە ناوبژیوانەکە بگرێت، و پێویستی بە دەستوەردانی هاوڕێکانی و ستافی تەکنیکی هەبوو بۆ ئەوەی هێوری بکەنەوە.
 
ئەم رەفتارە بووە هۆی دەرکردنی دەستبەجێی بە کارتی سوور و راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باس لەوە دەکەن کە بە تووندی سزا دەدرێت.
 
رەفتارە دووبارەبووەکان
 
ئەم رەفتارانەی یاریزانە ئەڵمانییەکە تەنیا لە یەک رووداو یان ماوەیەکی دیاریکراودا سنووردار نین. لە خودی ریال مەدریدیشدا هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە زۆرجار لە مەشقەکاندا لەگەڵ هاوڕێکانیدا رەفتاری نامۆ دەکات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەوەی لەنێو یاریگادا دەیکات تەواوکاری ئەوەیە کە لە مەشقەکاندا ئەنجامی دەدات.
 
هەروەها زۆرجار لە یارییە جیاوازەکاندا لەگەڵ رکابەرەکانیدا تووشی دەمەقاڵێ بووە و تووڕەیییەکی زۆری بەرامبەر بڕیاری ناوبژیوانان یان ئەنجامی یارییەکان نیشانداوە، تەنانەت گەیشتووەتە ئاستێک کە کەرستە و شتومەکی ناو رێڕەوی یاریگا و ژووری جلگۆڕینی شکاندووە.
 
بەگەڕانەوە بۆ قۆناخەکانی پێشووی ئەو یاریزانە، ئەوە روون دەبێتەوە کە رودریگۆ هەر لەسەرەتاوە ئەو سیفەتە تووند و تیژ و نامۆیانەی هەبوو. ئەو لە ماوەی یاریکردنی لە یانەی چێڵسی،  بووە هۆی پێکانێکی سەختی کیڤن دیبرۆین لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2021، کە ئەو رووداوێکی گەورەبوو کە مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا لەسەر بێباکییەکەی.
 
هەروەها رووبەڕووبوونەوەی تووندی لەگەڵ یاریزانێکی وەک لویس سوارێزی هەبوو. لە رۆما لە یەک وەرزدا دوو کارتی سووری وەرگرت، یەکێکیان لە دێربیی پایتەخت بوو، بەمەش پشتڕاستی کردەوە کە هەر لە سەرەتاوە کێشەی دیسپلینی هەبووە. تەنانەت لە سەرەتای ژیانی وەرزشیدا لەگەڵ شتوتگارت دوو کارتی سووری یەک لەدوای یەکی وەرگرتووە و نازناوی 'رامبۆ' لە تەمەنی گەنجییەوە پێیدراوە، کە رەنگدانەوەی سروشتی بەهێز و شەڕانگێزییەکەی بووە.
 
بەرەنگاربوونەوەی رۆح و لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ
 
زۆربوونی ئەم رووداوانە، لە کارتی سووری سەرەتاییەوە تاوەکو تەقینەوەی تووڕەیی و هەوڵدان بۆ هێرشکردنە سەر ناوبژیوان، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە رودیگێر کێشەیەکی زۆری هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی هەستەکانی، بەتایبەتی لە دۆخە گرژەکاندا یان کاتێک هەست بە ستەم دەکات.
 
هەرچەندە زۆرجار دوای ئەم رووداوە گەورانە داوایلێبوردن دەکات، بەڵام بەردەوامبوونی لەسەر ئەو رەفتارانە پرسیار لەسەر کاریگەری ئەم داوای لێبوردنانە لە هێنانەدی گۆڕانکاری راستەقینە لە رەفتارەکانیدا دروست دەکات.
 
پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە، ئایا دەکرێت ئەو رۆحی شەڕانگێزییە کە بۆ بەرگریکارێکی پیشەگەر پێویستە، جیا بکرێتەوە لە لەدەستدانی کۆنترۆڵ کە بەرەو ئەم کێشانە دەیبات؟ ئایا ئەم تەقینەوانە تەنیا بەشێکن لە کەسایەتییە بەجۆش و خرۆشەکەی، یان ئاماژەن بۆ مانای قووڵتر و بێدەستەڵاتی ئەو لە کۆنتڕۆلکردنی تووڕەیی و گوشار؟
 
ئەنجام و پرسیاری کۆتایی
 
تۆماری رودیگێر پڕە لە دووبارەبوونەوەی رەفتاری شەڕانگێزی و رووبەڕووبوونەوە و لەدەستدانی کۆنترۆڵ، بەتایبەتی لە دۆخە مەترسیدارەکاندا.
 
ئەم رەفتارانە نەک تەنیا زیان بە نێوبانگەکەی دەگەیێنن وەک وەرزشوانێک، بەڵکو راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر تیپەکەی دەبێت لە رێگەی سزادان و راگرتنییەوە.
 
بە لەبەرچاوگرتنی زۆرجار دووبارەبوونەوەی هەندێک لەم رەفتارە نابەجێیانە، گرنگە بپرسین ئایا ئەو پێویستی بە پشتیوانی پیشەیی هەیە، وەک سەردانیکردنی دەروونناسێکی وەرزشی یان راوێژکارێکی رەفتار.
 
ئامانج لێی لەکەدارکردنی کەسیەتییەکەی نییە، بەڵکو یارمەتیدانی ئەوە بۆ ئەوەی میکانیزمێکی باشتر بۆ بەڕێوەبردنی هەستەکانی و گوشارەکانی یاریکردن پەرەپێبدات، بۆ ئەوەی بتوانێت بەردەوام بێت لە درەوشاوەیی وەک بەرگریکارێکی بەتوانا بەبێ ئەوەی کاردانەوە بێباکانەکانی ببنە بارگرانی لەسەر خۆی و ژیانی وەرزشی و ئەو یانانە و هەڵبژاردە نیشتمانییانەی کە نوێنەرایەتیان دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە