ئەلۆنسۆ دوای دۆڕانەکەیان سێ یاریزانی تۆمەتبار کردووە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن چابی ئەلۆنسۆ جود بێلینگهام ڤینیسیۆس جۆنیۆر ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەی ریال مەدرید لەدوای دۆڕانەکەیان بەرامبەر مانچێستەر سیتی، هۆکاری سەرەکی دۆڕانەکەیانی خستووەتە ئەستۆی سێ لە یاریزانەکانی و راشکاوانە پێیگوتوون "ئێوە بەهۆی هەڵە تاکەکەسییەکانتان بوونە هۆکاری شکستمان".
 
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی دیفێنسا سێنتڕاڵی ئیسپانی، چابی ئەلۆنسۆ سێ لە ئەستێرە دیارەکانی تیپەکەی بە بەرپرسیاری راستەوخۆ داناوە بۆ دۆڕانە بەئازارەکەیان بەرامبەر مانچێستەر سیتی، و وای داناوە کە هەڵە تاکەکەسییەکانیان خاڵی وەرچەرخان بوون لە یارییەکەدا.
 
ڤینیسیۆس.. بەفیڕۆدانێک کە لێخۆشبوونی بۆ نییە
 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کردووە کە ڤینیسیۆس جونیۆر یەکێک بوو لەو یاریزانانەی زۆرترین رەخنەی لێگیرا، دوای ئەوەی چەند هەلێکی مسۆگەری لەدەستدا، دیارترینیان مانەوەی بەتەنیای بوو لەگەڵ دۆنارۆمای گۆڵپارێزی مانچێستەر سیتی، سەرەڕای هەلێکی دیکە کاتێک گۆڵ بەتاڵ بوو، ئەو هەوڵێکی ناسەرکەوتووی دا، کە ئەمەش تیپەکەی بێبەش کرد لە ئەگەری گەڕانەوە بۆ ناو یارییەکە.
 
کەمتەرخەمیی بێلینگهام
 
جود بێلینگهام، هەلێکی زێڕینی بۆ هەڵکەوت بۆ گەڕاندنەوەی ریال مەدرید بۆ یارییەکە و یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە، کاتێک لە گێمی دووەمدا بەتەنیا رووبەڕووی گۆڵ بووەوە، بەڵام تۆپەکەی زۆر بە نادروستی و کەمتەرخەمی لێدا لەپێناو ئەوەی گۆڵێکی جوان بکات، بەڵام هەلەکەی لەدەستدا و تۆپەکەی بەسەر ستوونی گۆڵەکەدا ئاودیۆ بوو، کە بووە هۆی تووڕەبوونی هاندەران و دەستەی هونەری، بەتایبەت لەگەڵ هەستیاریی ئەنجامی یارییەکە.
 
رودیگێر.. بە هەڵەیەکی یەکلاکەرەوە گۆڵی دووەمی بەخشییە سیتی
 
سێیەم یاریزان ئەنتۆنیۆ رودیگێر بوو، کە بەپێی راپۆرتەکە بووە هۆکاری ئەو لێدانە سزایەی ئێرلینگ هالاند گۆڵی دووەمی سیتی لێ تۆمار کرد لە گێمی یەکەمدا، ئەوەش تۆپێک بوو کە دەستەی هونەری بە "ناپێویست" وەسفی کرد و لە کاتێکی سەختدا هات کە کاریگەری کردە سەر رێڕەوی یارییەکە.
 
لە سایەی ئەم دۆڕانەدا، گوشارەکان لەسەر چابی ئەلۆنسۆ و تیپەکەی زیاد دەکەن، بەتایبەت لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵەکان دەربارەی گرژی لەنێو ژووری جلگۆڕین، و بوونی دڵەڕاوکێ سەبارەت بە ئاستی تیپەکە لە ماوەی داهاتوودا. ریال مەدرید داوای کاردانەوەی خێرای لێ دەکرێت، ئەگەرنا وەرزێکی سەخت بەڕێدەکات و لەوانەیە رۆژ بە رۆژ ئاڵۆزتر ببێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە