فلیک بە یاریزانێکی گوتووە جێگەت لە بارسێلۆنا نەماوە

29-05-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هانزی فلیک پابلۆ تۆرێ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، جگە لە ئانسۆ فاتی بە یاریزانێکی دیکەشی گوتووە بۆخۆت یانەیەک بدۆزەوە، چونکە شوێنت لە بارسێلۆنا نەماوە.
 
لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی داهاتوو، بارسیلۆنا هەوڵدەدات داڕشتنەوەیەکی هەمەلایەنەی تیپەکە بکات و یەکەم هەنگاو لەو پڕۆژەیەدا رزگاربوونە لە کۆمەڵێک یاریزان کە لە پلانە تەکنیکییەکانی فلیکی راهێنەردا جێگەیان نابێتەوە، جا بەهۆی ئاستەنگە داراییەکانەوە بێت یان بەهۆی نەگونجانیان لەگەڵ شێوازی یاریکردنی فلیک، کە دوای ئامسۆ فاتی نۆرەی پابلۆ تۆرێ هات و دەبێت بڕاوت.
 
کارگێڕیی بارسێلۆنا بەهەماهەنگی تەواو لەگەڵ راهێنەری ئەڵمانی، هەر لە ئێستاوە دەستیکردووە بەکۆکردنەوەی لیستی ئەو یاریزانانەی ئەگەری رۆیشتنیان هەیە لەماوەی گواستنەوەی هاوینەدا. ئەم هەنگاوە ئامانج لێی کەمکردنەوەی پارەی مووچە و کردنەوەی رێگایە بۆ گرێبەستە نوێیەکان کە گونجاون لەگەڵ پڕۆژەی تەکنیکی و تاکتیکی تیپەکەدا.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئێل ناسیۆناڵی ئیسپانی، هانزی فلیک راهێنەری بارسا لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ پابلۆ تۆرێی یاریزانی یانەکە، زۆر بەڕوونی و راشکاوانە قسەی کردووە و راستەوخۆ ئاگاداری کردووەتەوە کە لە پلانە تەکنیکییەکانیدا نییە بۆ وەرزی داهاتوو و داوای لێکردووە بۆ خۆی یانەیەکی نوێ بدۆزێتەوە. 
 

ئەم بڕیارە شتێکی سەرسوڕهێنەر نەبوو، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خولەکە سنووردارانەی یاریکردن کە یاریزانەکە لەم وەرزەدا پێیدەدران، سەرەڕای ئەوەی هەرجارێک دەرفەتی دەرکەوتنی پێدەدرا، ئاستێکی باشی پێشکێش دەکرد، کوالیتی و توانای خۆی نیشان دەدا.
 
لەکاتێکدا تۆرێ هیچ کێشەیەکی لەناو تیپەکەدا دروست نەکرد و شایەنی هەلی زیاتر بوو، بەڵام واقیعەکە ئەوەیە کە تۆرێ پێویستی بە رۆیشتن بوو بۆ ئەوەی کاتێکی ئاسایی یاریکردن بەدەستبهێنێت.
 
تۆرێ ئەمساڵ تەنیا لە کاتی ئامادەنەبوونی یاریزانانی وەک پێدری، فێرمین لۆپێز، فرێنکی دی یۆنگ، دانی ئۆلمۆ و پابلۆ گاڤیدا دەرفەتی یاری پێدەدرا. کاتێک هەمووان ئامادە دەبوون، گومانی تێدا نەبوو کە ئەو لەسەر کورسی یەدەگ دەمایەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە