چیرۆکە ئازاربەخشەکەی کۆلیبالی

29-06-2019
ئەحمەد سەنگاوی
ئەحمەد سەنگاوی @ahmadsangawe
نیشانەکردن خالیدۆ کۆلیبالی
A+ A-

رووداو - هەولێر


رەنگە منداڵان لە گەورەکان زیاتر لە دونیا تێبگەن، بەتایبەت لە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵکیدا، هەندێ جار خەڵک ئەو پرسارەم ئاڕاستە دەکەن سەبارەت بە هەست و تێگەیشتنی منداڵ دەربارەی دونیا، بەڵام لە راستیدا وەڵامی ئەو پرسیارە هێندە ئاسان نییە، بەتایبەت لە چۆنییەتی مامەڵکردنی مرۆڤ بەرامبەر بە مرۆڤ. 

چەندین جار ئەو پرسیارە بەرۆکی گرتووم، بەڵام هیچ کات نەمتوانیوە وەڵامێکی پڕ بەپێستی پرسیارەکە وەچنگ بخەم، کە وەڵامێک بێت بۆ من قایلکەر بێت. هەر بەڕاستی دەستگەیشتن بە وەڵامی ئەو پرسیارە کارێکی هێندە ئاسان نییە. دەگوترێت خالیدۆ کۆلیبالی چ هەستێکی هەیە، کاتێک خەڵکی دروشمی رەگەزپەرستیی لە دژی دەڵێنەوە؟ ئایا ئەوە بێزاری دەکات، کە لەکاتی ئەنجامدانی یاریی، دروشمی رەگەزپەرستی جۆراوجۆر لە دژی دەڵێنەوە؟

راشکاو بم ئەو ساتەی دروشمی رەگەزپەرستی دژم دەگوترێتەوە، ژیان بۆ من مانایەکی نامێنیت، بەڕاستی تێگەیشتن و گوازارشتکردن لەو ساتەوەختە زۆر سەختە، ئەوە قێزەونترین رەفتارە کە مرۆڤ وەک کاردانەوە لە دژی مرۆڤ پەنای بۆ دەبات. ئاسان نییە باسی ئەو هەستەی خۆم بکەم لەو کاتەی رووداوی لەو چەشنە بەرۆکم دەگرێت، بەڵام هەوڵدەدەم بەوردی باسی ئەو دۆخەت بۆ بکەم کە منی یاریزانی رەشپێست پێیدا تێپەڕبووم کە بەرەنگاری دروشمی رەگەزپەرستی دەبوومەوە. مەبەستی سەرەکیم لە راڤەکردنی ئەم دیاردەیە تەنیا بۆ ئەوەیە، پەیامێک بە گوێی هەموو منداڵاندا بدەم، چونکە دەمەوێ نەوەی نوێ بەدووربێت لەم دیاردە قێزەونە.

پێش ئەوەی چیرۆکەکەمتان بۆ باس بکەم، کە لەنێوان من و منداڵێکدا روویداوە، بە پێویستی دەزانم دان بەوەدا بنێم، ئەو رووداوە فێری گەورەترین وانەی ژیانی کردم، بەڵام رێگەم  سەرەتا رێگەم بدەن باسی رقلێبوونەوەتان بۆ بکەم. 

یەکەمجار کە بەهۆی رەنگی پێستمەوە دووچاری رووداوی رقلێبوونەوە بووم، کە سووکایەتییان پێکردم لە یاریی نێوان ناپۆلی و لازیۆ بوو، کە ئەو ساتە ناخۆشە چەند ساڵێک لەمەوبەر روویدا، هاندەرانی لازیۆ بەشێوەیەکی بێزارکەر، هەرکاتێک کە تۆپ دەهاتە بەر پێم، بە لێدانی فیکە هەراسانیان دەکردم، ئەوکات وا گومانم دەکرد کە رەنگە فیکەکردنەکەیان لە سەرجەم یاریزانانی تیپەکەمان بێت، پاشان چووم بە یەکێک لە یاریزانانی هاوڕێم گوت، ئایا ئەوە تەنیا لەگەڵ منیانە؟ مەبەستی ئەو فیکەکردنەیان تەنیا لە دژی منە؟ 

یارییەکە بەردەوام بوو، ئەوانیش لە فیکەکردن و گوتنەوەی دروشمی رەگەزپەرستی کۆڵیان نەدا، دواتر گوێم لێبوو کاتێک تۆپ دەهاتە  بەر پێم، هاندەران هاواریان دەکرد مەیموون! مەیموونی نابووتی ناشرین! ئاستەمە لە وەها دۆخێکدا بتوانی هیچ بکەیت، لەناخەوە هەستم بە تێکشکان و داڕووخان دەکرد، بەجۆرێک نەمدەتوانی بەسەر باری دەروونی خۆمدا زاڵبم، لەو کاتەدا بیرم لەوە کردەوە یاریگاکە جێبهێڵم.

دواتر بەخۆمم گوت باشترە یاریگا بەجێدەهێڵم، رێگەیان پێدەدەم بۆ خۆیان چیان دەوێت و چیان پێخۆشە با ئەوە بکەن"، لەیادمە لەو ساتەدا بە خۆمم دەگوت بۆچی دەبێ وا بکەن؟ چ پاڵنەرێکە وا ئەمانەی هانداوە لەپێناویدا سووکایتی بە مرۆڤ بکەن؟ ئایا تەنیا لەبەر ئەوەیە من رەشپێستم؟ باشە دیاردەیەکی نائاساییە ئەگەر تۆ لە جیهاندا کەسێکی رەشپێست بیت؟" 

بەراستی هەستێکی ئازاربەخش و رووخێنەرە کە لە وەها دۆخێکدا بێئەندازە هەست بە سووکایەتی دەکەیت، گەیشتمە ئەو باوەڕەی، لەناخی خۆمدا هەست بە شەرمەزاری بکەم دەرهەق بە خۆم".

دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک بەسەر گوتنەوەی دروشمی راسیزم لەدژم، ناوبژیوانی یارییەکە بەڕێز ئیراتی لە خولەکی 68 یارییەکەی وەستاند، دواتر هات بۆ لام و پێیگوتم "خالیدۆ من لەگەڵتم، نیگەران مەبە پشتیوانتیت لێدەکەم، با پێکەوە فیکەکان بێدەنگ بکەین. ئەگەر دەتەوێت یارییەکە رادەگرم و کۆتایی بە یارییەکە دەهێنم، تەنیا ئاگادارم بکەوە، تاوەکو کۆتایی بە یارییەکە بهێنم".

لەوکاتەدا هەستم دەکرد هێشتا ئازایەتیم لەدەستنەدابوو، ویستم خۆڕاگری خۆم پیشان بدەم و ئازارەکەی ناوناخم بشارمەوە، بۆیە وەڵامی من بۆ ناوبژیوانی بەڕێز ئەوەبوو، داوام لێکرد بەردەوامیی بە یارییەکە بدات و پێویست بەوە ناکات یارییەکە لەبەر من بووەستێنێت. پاشان ناوبژیوان بەرلەوەی فیکە دەستپێکردنەوەی یارییەکە لێبداتەوە، هۆشداریی دایە هاندەرانی لازیۆ، بەڵام فیکەکردن و گوتنەوەی دروشمی رەگەزپەرستی لە دژی من تا کۆتایی نەوەستا".

دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە، بەرەو راڕەوی یاریگاکە رۆیشتم، ئەوکات لە ترۆپکی بێزاری و توڕەییدابووم، دواتر بەبیرمداهاتەوە، باشە من پێش دەستپێکردنی یارییەکە دەستی منداڵێکی بچووکم گرتبوو بۆ چونە نێو یاریگا! ئەو منداڵە لەوکاتەی دەستی گرتبووم، داوای درێسەکەمی کرد، منیش بەڵێنم پێدا کە دوای کۆتاییهانی یارییەکە درێسەکەمی بەدیاریی پێشکەشبکەم. دوای ئەوەی یاریگاکەم جێهێشت، هەمدیس لە راڕەوەکە گەڕامەوە بۆ نێو یاریگاکە، سەرنجمدا منداڵەکە لەسەر پەیژەکانی یاریگە چاوەڕێی من دەکات تا درێسەکەمی بەدیاریی پێشکەش بکەم. بیهێنە پێشچاوی خۆت دەبێ یەکەم وشەی ئەو منداڵە چی بێت کە بە منی گوت؟ پێش ئەوەی درێسەکەی بدەمێ پێی گوتم "زۆر داوای لێبووردن دەکەم بۆ ئەوەی روویدا، زۆر دڵتەنگ و نیگەرانم بۆت، من داوای لێبووردن لێدەکەم!"

ئەو رووداوە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر جێهێشتم، کە منداڵێکی بچووک بۆزش بۆ رەفتاری نابەجێی گەورەکان بهێنێتەوە.

دواتر منیش لە وەڵامدا بە منداڵەکەم گوت "نیگەران مەبە، ئەوەی روویداوە بایەخی پێنادەم خوات لەگەڵ".

ئەفسووس، جیهانی ئێستامان رۆحییەتی خاوێنی ئەو منداڵە بچکۆلەیەی لەدەستداوە، هەموومان دەزانین لە یاریگاکانی ئینگلتەرا ئەگەر هاندەرێک دروشمی رەگەزپەرستی دژی یاریزانێک بڵێتەوە، تاهەتایە بۆی نییە پێ بخاتە نێو یاریگاوە، ئەو مافەی تا مردن لەدەست دەدات و مافی تەماشاکردنی یاریی لێدەسندرێتەوە. خوازیارم ئەم یاسایە لە یاریگاکانی ئیتاڵیاش جێبەجێبکرێت. 

هەندێ جار بیر لەو کەسە رەگەزپەرستانە دەکەمەوە و لە خۆم دەپرسم، چۆن بتوانین بیرکردنەوەیان سەبارەت بە رەگەزپەرستی بگۆڕین؟ چۆن بتوانین بگەین بە دڵەکانیان؟
لە راستیدا من ناتوانم وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، بەڵام دەتوانم چیرۆک و سەربووردەی ژیانی خۆمتان وەک ئەزموون بۆ بگێڕمەوە.

رەنگە خەڵکی وا لێم بڕوانن کە یاریزانێکی تۆپی پێم، یان وەرزشوانێکی رەشپێستم، بەڵام شتەکە لەمە گەورەترە، هەمیشە بە هاوڕێکانم دەڵێم "ئەگەرسەیرکردنتان بۆ من تەنیا وەکو یاریزانێک بێت و وەکو هاوڕێ نەبێت، بێگومان لە ژیانمدا شکستدەهێنم".

لە فەرەنسا گەورەبووم، لە شارێک بەناوی سانتیدی، لەو شارە خەڵکی کۆچبەرێکی زۆری وڵاتانی بەچەشنی سەنیگال، تورکیا، مەغریب و پەناهەندەی زۆر وڵاتی دیکەشی لێیە.

سەرەتا باوکم لە سەنیگالەوە بۆ فەرەنسا کۆچی کرد، باوکم لە کارگەیەکی رستنوچین کاری دەکرد، هەر حەوت رۆژەکەی هەفتە لە کارکردن بەردەوام بوو، بۆ ماوەی پێنج ساڵ لەو کارگەیە کاری دەکرد، بەبێ ئەوەی یەک رۆژیش پشوو وەربگرێت، چونکە هەموو ئاواتی باوکم ئەوەبوو بایی ئەوە پارە پەیدا بکات، تاوەکو بتوانێت، دایکم لە سەنیگالەوە رابکێشێت بۆ فەرەنسا.  

دایکم بە یادگارییەکی من زۆر کاریگەرە، بەردەوام حەز دەکات چیرۆکی یەکەمجاری گەڕانەوەی من بۆ سەنیگال بۆ خەڵک و دۆستەکانی باس بکات، کاتێک چاوم بەکوڕەکانی مامم و نەوەکانی باپیرم کەوت، یان کاتێک کاتێک لە نزیکەوە ژیانی خەڵی سەنیگالم بینی، ئەوە بۆ من ئەوە شۆکهێنەر بوو. دەمبینی هەموو منداڵەکان بەپێی پەتی رایاندەکرد و یارییان دەکرد، چووم بۆ لای دایکم و پێمگوت "دایە بۆچی پێڵاویان بۆ ناکڕیت، ئەوان گوناحن، پێڵاویان نییە لەپێی بکەن"، لە وەڵامدا دایکم گوتی "ئادەی خالیدۆ پێڵاوەکەت فڕێبدە و هاوشێوەی ئەوان تۆش بەپێی پەتی بچۆ یارییان لەگەڵ بکە". منیش لەکۆتاییدا ئەوەم کرد، کە دایکم پێی گوتم، تاوەکو ئەوان هەست بە کەموکورتی نەکەن و خۆم خستە دۆخی هەژاریی ئەوانەوە. 

لە ژینگەیەکی دۆستانەدا گەورەبووم و پەروەردەبووم. خەڵکانێکی زۆری کۆچبەر لە دەوروبەرمان ژیانیان دەگوزەراند، ئەگەر دایکم شتێکی پێویستبووایە، نەدەچووە مارکێت و دوکانەکان، سەرەتا دەچووە لای دراوسێکانمان، چونکە پەیوەندییەکی قوڵی رۆحیی لەنێوان درواسێکان هەبوو. هەمیشەو دەرگای ماڵەکانمان بەڕووی یەکدیدا ئاوەڵا بوو، ئاگامان لە یەکدیی بوو، لە خەمی یەکدیدا بووین، جیاوازییەک لەنێوانماندا نەبوو، هەموو ماڵەکانمان بە هی خۆمان دەزانی. کاتێک بمویستایە بچم بۆ ماڵی هاوڕێیەکم بە دایکمم دەگوت "دایە مەحموود لە ماڵەوەیە؟"

ئەویش دەیگوت، نا چووتە دەرەوە، بەڵام هەتا ئەوکاتەی ئەو دێتەوە، دەتوانی بۆ خۆت بچیت لەوێ یاریی پلەیستەیشن بکەیت.

من لەوەها ژینگەیەکدا پەروەردەبووم و گەورەبووم، هەستم دەکرد هەموومان براین جیاوازیی نەبوو لەنێوان سپی پێست، رەشپێست، عەرەب، مەسیحی موسڵمان و ئەفریقی. راستە ناکۆکی و بیربۆچوونی جیاواز لەنێوانماندا هەبوو، بەڵام هەموومان هەستمان بە جیاوازیی تەنەوەیی و ئاینی و رەگەزی نەدەکرد.  

کاتێک پەیوەندیم بە یانەی ناپۆلییەوە کرد، بەڕێز دی لاورێنتسی سەرکی یانەی ناپۆلی لێی پرسیم: تۆ کۆلیبالیت؟
لە وەڵامدا گوتم: بەڵی. 

دی لاورانتیس گوتی: هەستناکەم زۆر باڵات بەرز بێت، ئایا بەرزی باڵاکەت 1.92سانتیممەترە؟
کۆلیبالی: نا بەڕێزم من 1.86

دیلاورێنتس بە دەم زەردەخەنەوە پێیگوتم "بەڕاستە، ئێ زۆرباشە مادام وایە پێویستە قسە لەگەڵ بەرپرسانی تیپی پێشووت بکەم، کە یانەی گینکی بەلژیکیە، تاوەکو هەندێک پارەیان لێبسەنمەوە، چونکە ئەوان بە منیان گوت "خالیدۆ کۆلیبالی بەرزی باڵای 1.92سانتیممەترە".
دواتر پێیگوتم: بەخیرهاتی بۆ یانەی ناپۆلی.

کاتێک گەیشتمە ئیتالیا هەرزەکار بووم، بەڵام ئێستا پێگەیشتووم و یاریزانێکی نایاب و گرنگم. پیاوی خێزانێکی نایابم کە ناپۆلیتانۆی راستەقینەیە.

کاتێک بۆ سەردانیکردن دەگەڕێمەوە بۆ فەڕەنسا، وەک سەنیگالی، یان فەڕەنسییەک بانگم ناکەن، بەڵکو وەک کوڕی ناپۆلی تەماشام دەکەن. 

ناپۆلی شارێکە خەڵک زۆر خۆشیان دەوێت، ئەو پەرۆشی و گەرموگوڕییەی خەڵکەکەی، ئەفریقام بەبیردەهێنێتەوە، لێرە بەجۆرێک مامەڵەت لەگەڵ دەکەن، هەست بە دڵنیایی و دڵخۆشی بکەیت، ئەمە شتێکە مامەڵەی خەڵکی ئەمشارە پێت دەبەخشێت، وا رەفتارت لەگەڵ دەکەن، وەک ئەوەی تۆ کوڕی ئەم شارە بیت و لێرە لەدایکبووبیت، من لێرە لە دڵنیاییەکی تەوادا دەژیم، رەفتاری ئەوان ئاسوودەییەکی زۆری پێبەخشیوم.

گرنگترین رووداوی ژیانم لەم شارە روویداوە، ئەوەش لەدایکبوونی منداڵەکەمە لە شاری ناپۆلی، هەرگز بۆ رۆژێک ئەم شارە لەیاد ناکەم، لەبەر ئەوەی رووداوەکان باڵکێشن کە لەم شارە روودەدەن.

رۆژێک یاریمان هەبوو بەرامبەر یانەی ساسۆلۆ، ماوریزیۆ ساری راهێنەرم لە یانەی ناپۆلی سەرقاڵی ئامادەکاریی بوو بۆ ئەو یارییە، هەر ئەو رۆژە هاوژینەکەشم لە نەخۆشخانەی منداڵبوون بوو، بۆ لەدایکبوونی یەکەم منداڵمان. 


لە ژووری شرۆڤەی یارییەکان، تەماشای ڤیدیۆی شرۆڤەی یارییەکانمان دەکرد، کە ساری قسەی بۆ دەکردین، بەڵام لەو کاتەدا یەک لەدوای یەک تەلەفۆنەکەم زەنگی بۆ دەهات، وەک پیشەی هەمیشەییم مۆبایلەم دەکوژێنمەوە بۆئەوەی بەباشی هۆشمان لای شرۆڤەی تەکتیکی یارییەکە بێت، بەڵام ئەو رۆژە بەرگەی ئەوەم نەگرت مۆبایلەکەم بکوژێنمەوە، چونکە هەستم بە راڕاییەکی زۆر دەکرد، دەربارەی باری تەندروستی هاوژینەکەم، بۆیە مۆبایلەکەم میوت کرد، تاوەکو جارجارە ئاگام لە رووداوەکانی نەخۆشخانە بێت، چونکە نەمدەتوانی ئەوە لەبیر خۆم ببەمەوە هاوژینەکەم لە نەخۆشخانەیە و لە ئانوساتدا رەنگە منداڵی نۆبەرەمان لەدایک ببێت. 

ساری کەسێکی زۆر بەهێزە، بوێریی ئەوە ناکەم لە ژووری راڤەی تەکتیکی وەڵامی تەلەفۆن بدەمەوە.

لە کۆتاییدا ژوورەکەم بەجێهێشت و تەماشای مۆبایلەکەم کرد، بینیم هاوژینەکەم تەلەفونێکی زۆری بۆ کردووەم، وەڵامی تێلەکەیم دایەوە، هاوژینەکەم پێی گوتم "خالیدۆ پێویستە بێیت بۆلام، چونکە منداڵەکەمان لە رێگەیە".

بە ساریم گوت "بمبوورە میستەر، پێویستە من بڕۆم، چونکە هاوژینەکەم منداڵی دەبێت".

لە وەڵامدا ساری گوتی "نا، نا، نا، نابێت بڕۆیت! چونکە ئەمڕۆ زۆر پێویستییم بە تۆ هەیە. هەر بەڕاستی ئەمڕۆ زۆر پێویستم بەتۆ هەیە، بەتایبەت بۆ ئەم یارییە، تکایە نەڕۆیت".

پێمگوتەوە "ئاخر منداڵەکەم لەدایک دەبێت، چی دەکەیت بیکە، ئەوە من دەڕۆم، سزام دەدەیت، پارەم پێدەبژێریت، چی دەکەیت بیکە، بۆم گرنگ نییە و هەر دەڕۆم".

سەرەتا ساریبە کاردانەوەکەم زۆر ناڕەحەت دەهاتە پێشچاو، جگەرەیەکی داگیرساند و بە قووڵی دووکەڵەکەی هەڵمژی، دیسانەوە جگەرەکەی نەکوژاندەوە دانەیەکی دیکەی داگیرساند، چەند جگەرەیەکی کێشا، پاشان گوتی "دە باشە، باشە بڕۆ بۆ نەخۆشخانە، بەڵام دەبێت بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ بگەڕێیتەوە، چونکە بۆ ئەم یارییە پێویستییەکی زۆرم بەتۆ هەیە".
بەخێرایی بەرەو ئەو نەخۆشخانەیە بەڕێکەوتم کە هاوژینەکەمی لێبوو، بەڕاستی بۆ مرۆڤ ئاسان نییە لە وەها ساتێکدا گوزارشت لە هەستی خۆی بکات، ئاخر ئاسان نییە هەستی خۆت لەو ساتەوەختەدا دەرببڕی، بە خۆمم گوت "واو بۆ یەکەمجار دەبم بە باوک! کاتێک  باوەش بەیەکەم منداڵی خۆمدا دەکەم، ئەوە ئەو رۆژە بۆ من دەبێت بە خۆشترین چرکەساتی ژیانم". 

دیسانەوە ساری تەلەفۆنی بۆ کردمەوە، بەڕاستی ساری پیاوێکی شێتە، هەمدیس گوتییەوە  تۆ لە کوێیت؟ دەگەڕێیتەوە؟ تکات لێدەکەم بگەڕێوە، بەڕاستی زۆر پێویستم بە تۆ هەیە بۆ ئەم یارییە. تکایە بگەڕێوە."

رەنگە هاوژینەکەم لەوکاتەدا زۆر پیویستی بە من هەبووبیت لەلای بم، بەڵام لە هەمانکادا نەمدەویست هاوڕێکانم شەرمەزار بکەم، لەبەرئەوەی خۆشمدەوێن، چونکە لە قوڵایی ناخەوە ناپۆلیم خۆشدەوێت، هەردەم ئەم یانەیەم لە دڵمدا هەڵگرتووە، بۆیە گەڕامەوە بۆ یاریگا بۆ پاڵپشتیی هاوڕێکانم لە یانەکەم".

ساری بەرەو ژووری جلگۆڕین هات، بۆ ئەوەی پێکهاتەی تیپەکە دەستنیشان بکات، هەر تەماشام دەکرد، چاوەڕێبووم باسی من بکات و باسی ئەو گرنگییەم بکات، ئاخر بەرێژایی ئەو رۆژە، زۆر جەختی گرنگی ئامادەییم دەکردەوە بۆ یارییەکەی ساسۆلۆ، تەماشای پێکهاتەی سەرەکیم کرد، حەپەسام بینیم ناوی منی تێدا نەبوو!

 بە ساریم گوت "میستەر؟ ئەوە گاڵتەم لەگەڵ دەکەیت؟"

لە وەڵامدا ساری گوتی "چی؟ ئەوە بژاردەی منە، تۆم لە نێو یاریزانە یەدەگەکان داناوە".

بە ساریم گوت "میستەر، خۆت ئاگاداریت من منداڵەکەم و هاوژینەکەم بەجێهێشت، چونکە تۆ بە منت گوت زۆر پێویستیم پێت هەیە؟

ساریش لە وەڵامدا گوتی "بەڵێ بێگومان پێویستیم بە تۆ هەیە بۆ سەر کورسی یەدەگ".

هەموو ئەم درامایە لە کۆتاییدا سەرەتای بوونم بوو بە باوک.

ئیستا بیر لەو ساتە دەکەمەوە، پێدەکەنم.

رەنگە وا گومان بکەن ئەمە چیرۆکێکی نەرێنییە، بەڵام کۆتایی چیرۆکەکە ئەوەیە کە من لە قوڵایی دڵەوە ناپۆلیم خۆشدەوێت، هەر بۆیە ناچاربووم بە گێڕانەوەی ئەو بەسەرهاتە بۆتانی روونبکەمەوە کە بێئەندازە ناپۆلیم خۆشدەویت. رەنگە لە مەبەستی من تێنەگەن، چونکە ئەوەی باسمکرد زیاتر لە نووکتە دەچێت، بۆ ئەزموونکردنی خۆشەویستی پێویستە بێیت بۆ ئەم شارە بۆ ئەوەی هەمان هەستی منت دەرهەق بە خەڵکی ناپۆلی بۆ دروست ببێت، بەڕستیی ناپۆلی شارێکی باڵکێشە، لە هەمانکاتدا ئارامبەخشیشە.

رەنگە ئێستا بە گێڕانەوەی ئەم بەسەرهاتانە بەشێوەیەکی زۆر باش من بناسن. من یاریزانی تۆپی پێم، یاریزانێکی ئەسمەری تۆپی پێم، بەڵام ئەمە هەموو شتێک نییە، پێش هەر شتێک من موسوڵمانم، سەنیگالیم، ناپۆلیتانۆم "یانەی ناپۆلی" ئێستا باوکم. بە دونیادا گەڕام، زۆر زمان فێربووم، هەروەها پارەی باشیشم دەستکەوت، بەڵام ئەمەوێ ئەوەتان بەبیر بهێنمەوە، گرنگترین وانەیەک کە لە ژیانمدا فیری بووم، سێ شتە کە ناتوانی بە پارە بەدەستی بهێنیت "هاوڕێ و دۆست، خێزان و ئارامگرتن". ئەمە ئەو سێ شتەیە من لە ژیانمدا فێریبووم. ئەمە ئەو شتیە کە منداڵەکەیشمی لەسەر پەروەردە دەکەم، ئاواتی من ئەوەیە کە ئەوانەی سووکایەتی بە رەنگی پێستمان دەکەن فێری ئەو وانانە بن، کە باسم کرد.

لەوانەیە ئێمە جیاواز بیر بکەینەوە بەڵێ ئەمە راستییە.

ئەحمەد سەنگاویی کردوویەتی بە کوردی

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە