ڤیدیۆ؛ کوبۆ فەرەنسای ناردە ماڵەوە

29-07-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کوبۆ هەڵبژاردەی فەرەنسا ئۆڵیمپیادی تۆکیۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ژاپۆنییەکان لە رکابەرییەکانی تۆپێ لە ئۆڵیمپیادی تۆکیۆدا، بێئەوەی رەچاوی مافی میوان بکەن، لەسەر خاکی خۆیان شکستێکی گەورەیان بە فەرەنسییەکان هێنا و لە ئۆڵیمپیاد دەرکران.

لە دوایین گەڕی یارییەکانی کۆمەڵەی یەکەمدا، هەڵبژاردەی ژاپۆن بەسەرکردایەتی کوبۆی یاریزانی ریال مەدرید، بە 4 گۆڵی بێبەرامبەر لە هەڵبژاردەی فەرەنسای بردەوە و بە کۆکردنەوەی 9 خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرت و فەرەنساش بەبێئومێدی ماڵئاوایی لە ئۆڵیمپیاد کرد، دوای ئەوەی لە 3 یارییدا تەنیا 3 خاڵی کۆکردەوە.

ژاپۆنییەکان لە خولەکی 27 لە رێگەی کوبۆی یاریزانی ریال مەدریدەوە گۆڵی پێشکەوتنیان بەدەستهێنا، بەرلەوەی هیرۆکی ساکای لە خولەکی 34 گۆڵی دووەمیش بۆ ژاپۆن تۆماربکات.

لە نیوەی دووەمدا کۆجی میۆشی و دیازین ماییدا دوو گۆڵی دیکەیان بۆ ژاپۆن زیادکرد  و یارییەکە بە ئەنجامێکی قورس بۆ فەرەنسییەکان کۆتاییهات.

هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی ژاپۆن لە قۆناخی هەشتدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی نیوزیلەندا دەبێتەوە، کە یارییەکانی ئەو قۆناخە رۆژی شەممە 31ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە