رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی، هەوڵدەدات تواناکانی یەکێک لە یاریزانە دیارەکانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەدەستبهێنێت، بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو یاری بۆ بکات.
بەگوێرەی میدیاکانی ئیتاڵیا، بەرپرسانی یانەی ئینتەرمیلان چاویان بڕیوەتە تواناکانی ناچۆ فێرناندێز، بەو پێیەی سیمۆنی ئینزاگی، راهێنەری ئینتەرمیلان پێیوایە ناچۆ بۆ پێکهاتەکەی ئەو گونجاو دەبێت.
ماوەی گرێبەستەکەی ناچۆ لەگەڵ مێرینگێ لە هاوینی 2023 کۆتاییدێت، بۆیە دەتوانێت بەبێبەرامبەر گرێبەست لەگەڵ هەر یانەیەک واژۆ بکات.
فابریزیۆ رۆمانۆ، شارەزا لە گواستنەوەی یاریزانان و راهێنەران لە ئەوروپا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی "داهاتووی ناچۆ هێشتا دیارنییە، هەموو ئەگەرەکان کراوەن، هێشتا گڵۆپی سەوزی لە یانەی شاهانە وەرنەگرتووە بۆ دەستپێکردنی دانوستاندنەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئینتەر پەیوەندی بە ناچۆوە کردووە بۆ ئەوەی مەرجەکانی بزانێت، ئەگەر بڕیاریدا بەبێ بەرامبەر لە ریال مەدرید بڕوات، بەڵام تاوەکو ئێستا هەردوولا لەسەر هیچ شتێک رێکنەکەوتوون و دانوستاندنەکانی نێوانیان لە قۆناخێکی پێشکەوتوودا نییە.
ئینتەرمیلان هەوڵی گواستنەوەی بەرگریکارێکی نوێ دەدات، بۆ ئەوەی قەرەبووی رۆیشتنی میلان شکرینیار بکاتەوە، گوایە گرێبەستی لەگەڵ پاریس سانجێرمان واژۆکردووە، لە هاویندا بە گرێبەستێکی بێبەرامبەر دەچێتە پاریس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ