هۆشدارییەکی تووند لە ناینگۆلانەوە بۆ رۆناڵدۆ

30-10-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ناینگۆلان کریستیانۆ رۆناڵدۆ رۆبێرتۆ مارتینێز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

رادجا ناینگۆلان، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی بەلجیکا هۆشداری دەداتە کریستیانۆ رۆناڵدۆی کاپتنی هەڵبژاردەی پۆرتوگال و دەڵێت "راهێنەری پۆرتوگال زۆر خراپ و لاوازە، هیچ لە تۆپی پێ تێناگات".
 
رادجا ناینگۆلان، یاریزانی بەلجیکی، رەخنەی تووندی لە رۆبێرتۆ مارتینێز، راهێنەری ئێستای هەڵبژاردەی پۆرتوگال و پێشووتری هەڵبژاردەی بەلجیکا گرت و بەوە تۆمەتباری کرد کە تواناکانی نەوەی زێڕینی وڵاتەکەی بەفیڕۆداوە و بە "راهێنەرێکی زۆر لاواز" وەسفی کرد.
 
مارتینێز لەماوەی نێوان ساڵانی 2016 تاوەکو 2022 سەرپەرشتی هەڵبژاردەی بەلجیکای دەکرد و دوای دەرچوونی شۆکهێنەری تیپەکە لە قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی جیهانی2022 لە قەتەر، دەستی لەکارکێشایەوە.
 
دوای چەندین ساڵ لە دوورخستنەوەی لە پێکهاتەی بەلجیکا بۆ جامی جیهانی 2018 لەلایەن رۆبێرتۆ مارتینێزەوە، رادجا ناینگۆلان هێشتا ناتوانێت ئەو بڕیارە قبوڵ بکات کە خاڵی وەرچەرخان بوو لە کاروانیدا.
 
لە قسەکانیدا لە بەرنامەی Take A Seat لە پلاتفۆرمی یوتیوب، یاریزانی ناوەڕاستی تەمەن 37 ساڵ سڵی نەکردەوە لە رەخنەگرتنی تووند لە راهێنەرە ئیسپانییەکە و گوتی "بۆ من ئەو راهێنەرێکی زۆر خراپە و هیچ لە تۆپی پێ تێناگات".
 
جەختی لەوە کردەوە "لەگەڵ مارتینێزدا هیچ پلانێک یان تاکتیکێک نەبوو، کاتێک تووشی کێشە دەبووین، چارەسەرەکە هەمیشە ئەوە بوو: تۆپەکە بدەن بە هازارد، یان دی برۆین، یان لوکاکو. هیچ شێوازێکی یاری، یان هیچ بینینێکی هونەری نەبوو".
 
ناینگۆلان دووپاتیشیکردەوە ئەگەر کات بگەڕایەتەوە، ئەوا هەڵبژاردەی ئیندۆنیزیای، وڵاتی رەسەنی خێزانەکەی هەڵدەبژارد لەجیاتی بەلجیکا و گوتی "کاتێک ئەو رێزە دەبینم کە لە ئیندۆنیزیا پێم دەدرێت، ئەمڕۆ دەڵێم 100٪ ئەو وڵاتەم هەڵدەبژارد، من پێشتر باڵیۆزی ئیندۆنیزیا بووم، خەڵکی ئەوێ رێزێکی زۆر پیشان دەدەن و لەپێناوی ئەم رێزەدا ئامادەیت بەناو ئاگردا بڕۆیت".
 
یاریزانی پێشووی یانەی رۆمای ئیتاڵی لە وەرزی 2023-2024 درێسی یانەی بایانگکارا ئیندۆنیزیای پۆشی، لە ئەزموونێکدا کە زیاتر بە هێمایی و سۆزداری وەسف کرا وەک لەوەی وەرزشی بێت، بەهۆی ئەو پەیوەندییە سۆزییە قوڵەی کە وڵاتەکە بۆی هەیبوو.
 
ناینگۆلان جەختی لەوە کردەوە "من بەتەواوی دڵنیام کە بەلجیکا نازناوی دەبردەوە ئەگەر تەنیا یەکجار راهێنەرێکی راستەقینەی هەبووایە. بە بڕوای من مارتینێز راهێنەرێکی لاوازە و لە تۆپی پێ تێناگات، و هەر کەسێک پێچەوانەی ئەوە بڵێت ئەویش لە یارییەکە تێناگات. راهێنەرێکی باش ناسنامە و شێوازی یاری بە تیپەکەی دەبەخشێت، بەڵام لەگەڵ مارتینێزدا، بەلجیکا هەرگیز شێوازێکی نەبووە".
 
هاندەران لە ڕێگەی پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیاوە لێدوانەکانی ناینگۆلانیان بە هۆشدارییەک بۆ ئەفسانەی پۆرتوگالی کریستیانۆ رۆناڵدۆ زانی، کە هەوڵدەدات بۆ مۆندیالی 2026 سەربکەوێت و نازناوەکەی بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی کۆتاییەکی نایاب بە کاروانی پڕ لە سەرکەوتنەکانی بهێنێت.
 
رۆبێرتۆ مارتینێز دوای جامی جیهانی 2022 و جێهێشتنی بەلجیکا، کاروانی خۆی لەگەڵ پۆرتوگال بنیات نایەوە و ئێستا سەرپەرشتی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و تیپێکی نایاب دەکات کە برۆنۆ فێرناندێز، بێرناردۆ سیلڤا و رافایێل لیاو و چەندین یاریزانی دیکەی باش لەخۆدەگرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە