زاخۆ راهێنەری زەورا بەدەرکردن دەدات

30-12-2020
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن یانەی زەورا باسم قاسم
A+ A-

رووداو دیجیتال

یانەی زەورا لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕیی میدیایی رووداو، ئاشكرایکرد یانەکەیان ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ باسم قاسم کۆدەبێتەوە و گفتوگۆی ئەنجامەکانی تیپەکە دەکەن، هەروەها پرسی مانەوەی راهێنەرەکەیان یەکلاییدەکەنەوە.


دوێنێ لە گەڕی یازدەی خولی یانە نایابەکانی عێراق، لە ناو یاریگەی شەعب لە شاری بەغدا، یانەی زاخۆ بە ئەنجامی گۆڵێکی بێوەڵام لە یانەی زەورای بردەوە، دوای یارییەکە باسم قاسمی راهێنەری یانەی زەورا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی بە دەستەی کارگێڕیی یانەکە راگەیاندووە. 

عەبدوڵڕەحمان رەشید، بەرپرسی نوسینگەی راگەیاندنی یانەی زەورا، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند "ئەنجامەکانی وەرزی ئەمساڵی یانەکەمان بەدڵی کاپتن باسم قاسم و دەستەی کارگێڕیی نییە، هەر بۆیە بەشێوەی زارەکی دوێنێ شەو دوای یارییەکە راهێنەرەکەمان دەستی لە کارکێشایەوە".

شەقامی وەرزشیی عێراق باس لە رێککەوتنی رازی شنێشل و یانەی زەورا دەکەن، بۆ ئەوەی ببێتە شوێنگرەوەی باسم قاسم.

رەشید جەختیکردەوە "هەموو ئەو باسانەی هەیە راست نین، بەرپرسانی یانە لەگەڵ باسم قاسم دادەنیشن بۆ یەکلایکردنەوەی چارەنووسی راهێنەرەکە، قسەش لەگەڵ هیچ راهێنەرێک نەکراوە لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی دەرەوە".

یانەی زەورا یەکێکە لە بەناوبانگترین یانەکانی عێراق لە 1969 دامەزراوە و بارەگای یانەکە لە شاری بەغدایە، خاوەن زۆرترین رێژەی هاندەرە و خاوەن 14 نازناوی خولی یانە نایابەکانی عێراقە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە