رووداو دیجیتاڵ
رۆناڵدۆ نازاریۆی ناسراو بەدیارە، بۆ یەکەمجار باسی چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش لە ژیانیدا دەکات، کە بەهۆیەوە سێ بۆکسی لەسەریەکی لە یارییەکدا لێدراوە.
دیاردە کە لەگەڵ کرۆزیرۆ لە بەرازیل یەکەمجار دەرکەوت، دەڵێ لە تەمەنی شانزە ساڵیدا، هێندە لەخۆم رازیبووم، هەموو جارێک سێ رۆژ بەر لە یاریی داهاتوومان، بەهاوڕێکانم دەگوت چەند گۆڵ تۆمار دەکەم.
ئەو دەڵێ، جارێکیان لە رۆژی چوارشەممەدا بەهاوڕێکانم گوت، لە یارییەکەی یەکشەممەی داهاتوو، لە دەرەوەی یاریگەی خۆمان، سێ گۆڵ تۆمار دەکەم.
روونیدەکاتەوە، کاتێک رۆژی یەکشەممە هات، من قسەکەی خۆمم لەبیر نەمابوو، بەڵام قسەکەم گەیشتبووەوە بەیاریزانێکی تیپی بەرامبەر و ئەویش بەباشی خۆی بۆ من ئامادەکردبوو.
دیاردە دەڵێ، "کاتێک یارییەکە دەستپێکرد، هەر لە خولەکی دوودا، تۆپ لای بەرگریکەرێکی ئێمەبوو، من تەماشای ئەوم دەکرد، هێندەم زانی کەسێک زۆر بەتووندی لە پشتەوە بۆکسێکی لێدام. دەستبەجێ کەوتم و تەنانەت نەمزانی کێ بوو وایکرد. کاتێک هەڵسامەوە، بینیم ناودەمم پڕبووە لە خوێن و ددانێکم شکاوە، دەمم سڕییەوە و پرسیم کێبوو وایکرد؟ بینیم یاریزانێکی تیپی بەرامبەر هات و گوتی، هەی بێمێشک، ئێرە ئەو شوێنە نییە تۆ بتوانیت سێ گۆڵی تێدا تۆمار بکەیت".
رۆناڵدۆ دەڵێ، "دڵم پڕبوو، بەخۆمم گوت، خوایە چی روودەدات، ئەو بۆکسە بەهێزە چیبوو لێیاندام؟".
ئەو دەڵێ، پاشئەوەی ناوبژیوان هیچ قسەی نەکرد، دەستم بەیاریی کردەوە، دوای دە خولەک، هەمان یاریزان هاتەوە بەردەمم و ئەمجارە بەئاشکرا بۆکسێکی دیکەی لێدام، خەریکبوو ددانێکی دیکەم بشکێنێت.
وەک رۆناڵدۆ بەپێکەنینەوە دەگێڕێتەوە، پێنج خولەک، بەرلەوەی گێمی یەکەمی یارییەکە تەواو ببێت، هەمان یاریزان، بەڵام ئەمجارەش بەبێئەوەی بزانم لە کوێوە هات، بۆکسێکی دیکەی لێدام، ئیدی کەوتمە دۆخێکی زۆر خراپەوە، هەموو ناودەمم بووە خوێن، ئازار و برین.
رۆناڵدۆ چاوەڕێی تەواوبوونی گێمی یەکەمی یارییەکەی دەکرد، بەدەست ئازاری سەر و ناودەمەوە دەیناڵاند، دەڵێ، کاتێک ناوبژیوان فیکەی کۆتایی گێمی یەکەمی لێدا، دڵم پڕبوو و دامە پڕمەی گریان، بەگریانەوە لە یاریگە چوومە دەرەوە، دەگریام و کۆنترۆڵی خۆمم پێنەدەکرا.
رۆناڵدۆ لە کۆتایی گێڕانەوەکەیدا دەڵێ، "لە ژووری جلگۆڕینیش هەر دەگریام، چونکە ئازارم زۆر بوو. هاوڕێکانم هاتن و ئارامیان کردمەوە، ئەوکات من هیچ ئەزموونێکم نەبوو، تەمەنم تەنیا شانزە ساڵ بوو. کاتێک گێمی دووەم دەستیپێکردەوە و چوومەوە ناو یاریگە، تەنیا بیرم لەوە دەکردەوە چۆن خۆم لە بۆکسەکانی ئەو یاریزانە بپارێزم، ئەمجارە نەمهێشت لێم بدات و لە کۆتایی یارییەکەدا سێ گۆڵم تۆمارکرد و بەو ئەنجامەش بردمانەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ