رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا دەیەوێت شوێنی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندی لالیگا بەهێزتر بکات، کاتێک بەرامبەر یانەی ئێلچی یاریی دەکات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 22 لالیگا، یانەی بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ئێلچی یاریی دەکات و چاوی لە بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکەیە بۆ ئەوەی شوێنی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە بەهێزتر بکات.
بارسا بە ورەیەکی بەرزەوە ئەم یارییە ئەنجامدەدات، دوای ئەوەی لە چامپیۆنزلیگدا راستەوخۆ خۆی گەیاندە قۆناخی شازدەی رکابەرییەکە.
رۆژی هەینی تیپەکە لە کەشێکی ئارامدا دوایین مەشقەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات، بەتایبەت دوای ئەوەی سێ یاریی رابردووی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بەسەریەکەوە بردووەتەوە.
ئێلچی لە پێنج یاریی رابردوویدا لە لالیگا و جامی شا، هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، تیپەکە لە پلەی دوازدەیەمی ریزبەندی لالیگایە و دەیەوێت بە سوود وەرگرتن لە یاریگە و هاندەرانی زیاتر بچێتە پێشەوە.
لە 26 یاریی رابردووی نێوان هەردوو یانە ئێلچی هیچ یارییەکی لە بارسێلۆنا نەبردووەتەوە، دوایین بردنەوەی ئەو یانەیە لە بلاوگرانا لە بەر لە 56 ساڵ بووە کاتێک لە 1970 یانەکە لە یاریگەی خۆی 1-0 لە بارسێلۆنای بردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ