رووداو دیجیتاڵ
پێشەنگی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر لەنێو یاریگەی خۆی بەرامبەر نەفت میسان یاریی دەکات، ئەمە دوایین دەرکەوتنی پاسەوانانی قەڵا، ئیمپڕاتۆرە و دەیەوێت بەبردنەوە ئەمساڵ تەواو بکات و شوێنی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەهێزتر بکات.
یارییەکە کاژێر 16:00 لە یاریگەی فرانسۆ هەریری بەڕێوەدەچێت، هاندەرانی هەولێر ناتوانن لەم یارییەدا ئامادەبن، بەهۆی ئەوەی لەبەر رووداوەکانی یارییەکەیان بەرامبەر یانەی شورتە، یانەکە بۆ یارییەک سزادراوە و بەبێ هاندەر یاریی دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کوڕانی باسم قاسم دەیانەوێت هاندەرانیان دڵخۆش بکەن و بە سێ خاڵی دیکە پیرۆزبایی هاتنی ساڵی نوێ لە هەوادارانیان بکەن.
هەولێر پێشەنگە، هیچ یارییەکی تاوەکو ئێستا لە دوای ئەنجامدانی 8 یاری نەدۆڕاندووە، خاوەنی 6 بردنەوە و دوو یەکسانبوونە و 20 خاڵی هەیە، بەبردنەوەی ئەم یارییە یانەکە پێشەنگی خولەکە بەهێزتر دەکات و بە جیاوازیی چوار خاڵ دەچێتە پێش یانەی دیالەی دووەم.
رۆژی سێشەممە یانەی هەولێر دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی لەسەر چیمەنی یاریگەی فرانسۆ هەریری ئەنجامدا و تیپەکە بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەیەکی دیکە ئامادەیە.
باسم قاسم، راهێنەری یانەی هەولێر بەر لە یارییەکە دەڵێت "یارییەکی گرنگمان دەبێت بەرامبەر نەفت میسان، بەبێ زەحمەتی نابێت، دەمانەوێت تیپەکە بگەڕێتەوە ئاستی ئاسایی خۆی، چونکە بەرامبەر دیالە ئاستێکی باشمان نەبوو."
راهێنەری یانەی هەولێر لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا زیاتر گوتی "دەمانەوێت پارێزگاری لە پێشەوە بکەین، بۆ ئەوە پێویستیمان بە بەهێزکردنی تیپەکەیە بە یاریزانی پیشەگەر و ناوخۆ."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ