رووداو دیجیتاڵ
لەنێو کۆشکی سپی سەرۆکی ئەمریکا و جێگرەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا گفتوگۆیەکی تووندیان کرد. دواتر، سەرۆکی ئۆکرانیا بەبێ ماڵئاوایی هاوتاکەی، کۆشکەکەی جێهێشت.
رووداوەکە کاردانەوەی وڵاتانی لێکەوتەوە، فەرەنساش پێش هەموویان پشتیوانی خۆی بۆ ئۆکراینا دووپاتکردەوە.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەدوای مامەڵەکەی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا گوتی، "شەڕەنگێزییەک هەیە کە رووسیا هێرشی کردووەتە سەر ئۆکراینا. راست بووین کە سێ ساڵ پێش ئێستا یارمەتی ئۆکراینامان دا و سزامان خستە سەر رووسیا؛ دەبێت بەردەوام بین."
دوای شەڕەقسەکە، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاش چووە پاڵ ئیمانوێل ماکرۆن و پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ کیێڤ دووپاتکردەوە و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا شەڕەقسەکەی بە سەرەتای سەردەمێکی خراپ دانا.
لە بەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی رووسیا سەردانەکەی زیلینسکی بۆ ئەمریکا بە شکستی تەواوەتی سیاسی و دیپلۆماسی کیێڤ دانا.
ئەنتۆنی ئەلبانیز، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیاش جەختی لە پشتیوانی وڵاتەکەی لە ئۆکراینا دووپاتکردەوە و گوتی، "پاڵپشتی ئۆکراینا دەکەین. چەند کۆبوونەوەیەکم لەگەڵ سەرۆک زیلینسکی لە چەند شوێنێک، لەوانە کیێڤ کردووە. سێ ساڵە جەنگ لەوێ بەردەوامە. ئۆکراینییەکان تەنیا شەڕ لەپێناو سەروەری نیشتمانیان ناکەن، بەڵکو ئەوان شەڕ بۆ بنەما نێودەوڵەتییەکانیش دەکەن."
بەشێکی وڵاتانی ئەورووپا ترسیان لە هەڵوێستەکانی ئیدارەی نوێی ئەمریکا هەیە و ئیتاڵیا داوای لووتکەی نێوان ئەورووپا و ئەمریکا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەکانی ئێستای جیهان دەکات.
ئێستا ئۆکراینا بەدوای پاڵپشتی وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانییەتی، بۆ ئەو مەبەستەس سەرۆکەکەی چووە لەندەن و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانەکەی کۆبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ