روداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە "سەرکردایەتییە نوێیە ئەگەرییەکەی ئێران" ئەوەیان پیشانداوە کە دەیانەوێت گفتوگۆ بکەن و ئەویش لە کۆتاییدا گفتوگۆیان لەگەڵ دەکات.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی کۆشکی سپی کە رۆژی یەکشەممە، 1ی ئاداری 2026 رایگەیاندووە، سەرەڕای ئەم نیشانانە بۆ گفتوگۆ، بەڵام ئێستا ئۆپەراسیۆنەکە بەبێ وەستان و بەهەمان زەبری پێشوو بەردەوامە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران چووەتە قۆناخێکی هەستیارەوە و هێرشەکان توانای سەربازیی تارانیان کردووەتە ئامانج. هەروەها، ئەمڕۆ ئێران کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێرانی پشتڕاست کردەوە و دواتر دەسەڵاتەکانی بەسەر ئەنجوومەنێکدا دابەشکران.
پێش گوتەکانی ئەو بەرپرسەی کۆشکی سپی، ئۆرسولا ڤۆن دێر لایین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، کوژرانی خامنەیی ئومێدی بۆ ئێرانییەکان گەڕاندووەتەوە تاوەکو داهاتووی خۆیان دیاری بکەن.
سەرەڕای باسکردنی گفتوگۆ، مەیدانی جەنگەکە هێشتا گەرمە. دۆناڵد ترەمپ پێشتر رایگەیاندبوو، نۆ کەشتیی جەنگیی ئێرانییان نوقم کردووە و بارەگای هێزی دەریایی ئەو وڵاتەشیان خاپوورکردووە. هاوکات سێنتکۆم کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی لەم ئۆپەراسیۆنانەدا پشتڕاست کردووەتەوە.
ناتۆ، هێزەکانی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکان خستووەتە حاڵەتی ئامادەییەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتیکردەوە کە وڵاتەکەی بۆ بەرگریکردن لە خۆی "هیچ سنوورێک" ناناسێت. هاوکات چین و رووسیاش هۆشداریی دەدەن کە ئەم جەنگە سەقامگیریی ناوچەکەی بە تەواوی تێکداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ