رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی سوێد بە رووداوی راگەیاند، بارودۆخی سووریا ناسەقامگیرە و ئاڵنگارییەکی زۆر لەو وڵاتەدا هەیە. دەشڵێت، ئامادەن هاوکاربن بۆ چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکانیان و پێشکێشکردنی هاوکاریی زیاتری مرۆیی بە دیمەشق.
وەزارەتی دەرەوەی سوێد لە وەڵامی ئیمەیڵێکی نیاز مستەفا، کارمەندی دێسکی نێودەوڵەتیی تۆڕی میدیایی رووداودا راگەیاند، "بارودۆخی سووریا لەرزۆک و ناسەقامگیرە. ئاڵنگارییەکان زۆرن، لەوانە بارودۆخی مرۆیی هێشتا زۆر خراپە، ئابووریەکەی داڕوخاوە و سەقامگیری وڵاتەکەش بەهۆی گرژییە نێوخۆییەکان و پێشێلکاری لایەنە دەرەکییەکان بۆ سەر سەروەریی سووریا لەژێر هەڕەشەدایە."
وەزارەتەکە دەشڵێت، "بەیەکەوە لەگەڵ وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا، سوێد ئامادەیە هاوکاربێت بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانە و روونکردنەوەی چاوەڕوانییەکان لە حکومەتی راگوزەر. پێویستە مافەکانی هەموو سووریاییەکان پارێزراوبێت لە پرۆسەی راگوزەری گشتگیر بە شێوەیەکی ئاشتییانە".
سووریا بە دۆخێکی ئەمنیی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت. دوێنێ شەڕ لە گەڕەکی ئەشرەفییەی سەحنایای سەر بە دیمەشق، لەنێوان سوپای سووریا و گرووپی چەکداری ریجالکەرامە کە دروزین روویدا. بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، 16 ئەندامی ئاسایشی سووریا کوژراون، بەڵام هەندێک سەرچاوەی نافەرمی دەڵێن نزیکەی 30 کەس کوژراون.
وەزارەتی دەرەوەی سوێد دەڵێت: "سەقامگیری لە تەواوی سووریادا دەبێت کاری لەپێشینە بێت، ئەو وڵاتە ئازاد و دیموکرات بێت و تێیدا رێز لە مافی هەموو سووریاییەکان بگیرێت، بەڵام پێویستە پرۆسەکە لەلایەن سووریاییەکانەوە سەرکردایەتی بکرێت و رێککەوتنی نێوان حکومەتی راگوزەر و گرووپە کوردییەکان لە هێزەکانی سووریای دیموکرات ببێتە هۆی سەقامگیری زیاتر و کەمبوونەوەی دابەشبوون لە سووریا".
ساڵی 2011 خۆپێشاندانی سوورییەکان دژی رژێمی پێشووی وڵاتەکەیان دەستیپێکرد. دواتر، خۆپێشاندانەکە بووە هۆی دروستبوونی شەڕی نێوخۆ.
بە گوێرەی وەڵامەکەی وەزارەتی دەرەوەی سوێد بۆ رووداو، "لە سەرەتای دروستبوونی گرژییەکانەوە لە ساڵی 2011، سوێد چوار ملیار کرۆن هاوکاری مرۆیی داوەتە سووریا کە یەکێکە لە زۆرترین ئەو هاوکارییانەی لەلایەن وڵاتێکەوە پێشکێش کراون." هەروەها، "ساڵی 2024، سوێد 257 ملیۆن کرۆنی سوێدی بۆ کاروباری مرۆیی پێشکێش بە سووریا کرد".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ