بەهۆی کارپێکردنی پەناخوازانەوە داوای داخستنی 'کافێی شازادە دایانا' دەکرێت کە خاوەنەکەی عێراقییە

01-07-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

یەکەی جێبەجێکردنی یاساکانی کۆچبەری سەر بە وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا داوای لە بەرپرسانی لەندەن کردووە مۆڵەتی کارکردن لە خاوەنی "کافێی شازادە دایانا" وەربگرنەوە کە خاوەنەکەی هاووڵاتییەکی عێراقییە. داواکە بەهۆی کارپێکردنی ژمارەیەک پەناخواز و پێدانی خواردن بووە پێیان لە بری کرێی کارکردنیان. 
 
ساڵی 1989 عەبدولباست داود، کە وەبەرهێنەرێکی عێراقییە لە نزیک کۆشکی کنسینگتن کە شوێنی مانەوەی شازادە دایانا بووە کافێیەک لەو نزیکانە بەناوی شازادەکەوە دەکاتەوە. ئەو کات شازادە لەگەڵ کوڕەکانی بەناوی ویلیام و هاری دەچووە کافێیەکە و چەند جارێک لەگەڵ هاوژینەکەی بەناوی شازادە چارلس قسەیان لەگەڵ باست و کارمەندانی کافێیەکە دەکرد. 
 
بە گوتەی باست، شازادە دایانا زۆرترین جار کاپوچینۆ، کەیک، کرسانت و نانی بەیانیی لەلای ئەوان دەخوارد. 
 
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی یەکەی جێبەجێکردنی یاساکانی پەناخوازانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، لە ساڵی 2019ەوە حەوت پەناخوازیان دەستگیرکردووە کە وەکو کارمەند لەو کافێیە کاریان کردووە. بەشێکیان زیاد لە جارێک لەوێ دەستگیرکراون. بەهۆی دەستگیرکردنی ئەو پەناخوازانەوە تائێستا کافێکە بە 135 هەزار پاوەند سزادراوە. 
 
بەشێک لەو پەناخوازانەی کاریان لەو کافێیە کردووە بە یەکەکەیان گوتووە، لە بەرامبەر خواردندا کاریان پێکراوە و وەزارەتی ناوخۆش لە راپۆرتەکەیدا ئەمەی وەکو "بەکارهێنانی کرێکار" نووسیووە. وەزارەتەکە دەڵێت، "روونە کە هەڵگری مۆڵەتی ئەو شوێنە شکستیهێناوە لە جێبەجێکردنی یاساکانی کارکردن" بۆ رێگری لە کرێکاری نایاسایی. 
 
عەبدولباست داود لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ ئەفسەرانی سەر بە یەکەی جێبەجێکردنی یاساکانی پەناخوازان دەڵێت، راستە کە خاوەنی کافێکە بووە، بەڵام بەکرێ داوەتییە کەسێکی دیکە. دەشڵێت، ماوەیەکی کەم پێش ئێستا شوێنەکەی لێوەرگرتووەتەوە، چونکە کرێیەکەی لە کاتی خۆیدا نەدەدا. 
 
ئێستا یەکەکە داوای لە ئەنجوومەنی شارەوانی کینسینگتن و چێڵسی کردووە مۆڵەتی کارکردنی کافێیەکە رابگرن و بڕیاریشە رۆژی پێنجشەممە بڕیار لەبارەی داخستنی کافێیەکەوە بدرێت. 
 
پارێزەرێکی کافێیەکە لە نامەیەکیدا بۆ ئەنجوومەنەکە دەڵێت، کڕیارانیان نیگەرانی دۆخەکەن و داوای پێدانی دەرفەتێکی دیکە بە خاوەنی کافێیەکە دەکەن بۆ ئەوەی نیگەرانیەکان بڕەوێننەوە و کارەکانیشیان باشتر بکەن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە