رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری گشتیی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو رایدەگەیێنێت، دۆخی ئێستای جیهان لەو سەردەمە مەترسیدارترە کە داعش بەشێکی خاکی عێراق و سوریای بەدەستەوە بوو. هاوکات پسپۆڕێکی تیرۆر هۆشداری دەدات کە بەهۆی دزەکردنی چەکدارانی داعش بۆ نێو دەزگا ئەمنییەکانی سوریا، ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ دیمەشق مەترسییەکی گەورەیە.
بان کی-موون، کە بۆ ماوەی 10 ساڵ (تاوەکو ساڵی 2016) سەرۆکایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی دەکرد، لە وەڵامی پرسیارێکی (نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو) لە نیویۆرک سەبارەت بە دۆخی سووریا و کوژرانی سێ ئەمریکی لەو وڵاتە، نیگەرانیی قوڵی خۆی نیشاندا.
بان کی-موون بە رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ بەبەراورد بەو کاتە [سەردەمی داعش]، بارودۆخی جیهان وادەردەکەوێت لە چەندین رووەوە خراپتر بووبێت."
سەبارەت بە هێرشەکەی ئەم دواییەی سووریا کە بووە هۆی کوژرانی سێ ئەمریکی لەلایەن ئەفسەرێکی وەزارەتی ناوخۆی سوریاوە، سکرتێری گشتیی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "زۆر جێگای داخە کاتێک هەواڵ دەخوێنمەوە کە خەڵکێکی زۆر کوژراون. ئەم جۆرە شتانە دەرەنجامی نەبوونی ڕێزی دوولایەنە و تێنەگەیشتنی دوولایەنەیە لە نیگەرانییەکانی یەکتری."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، دەبوایە جیهان بەرەو ئاشتی بڕۆیشتایە، بەڵام بەهۆی "نەبوونی ئیرادەی سیاسی"یەوە دەگەڕێتەوە دواوە.
مەترسیی ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ سووریا
کوژرانی سێ ئەمریکییەکە لەلایەن کارمەندێکی ناوخۆیی سووریاوە، پرسیاری جددی لەسەر متمانە بە هێزە نوێیەکانی ئەو وڵاتە دروستکردووە. کۆڵن کلارک، بەڕێوەبەری سەنتەری سوفان و پسپۆڕی کاروباری تیرۆر بە رووداوی راگەیاند، بەشێک لە حوکمڕانانی نوێی سوریا پابەندن بە "جیهاد"ـەوە نەک پڕۆژەی حوکمڕانی.
کۆڵن کلارک گوتی: "دوودڵییەکی ڕاستەقینە هەیە، ئەگەر هێرشی زیاتری [لەم شێوەیە] ببینین و ئەگەر زانیاری هەواڵگری ئاڵوگۆڕ بکەین، ئەوا دەکەوێتە دەستی هەڵەوە و لە ڕاستیدا دەگاتە دەستی چەکدارانی داعش، کە دزەیان کردووەتە نێو ڕیزەکانی دەزگا ئەمنییەکانی سوریاوە."
بە بڕوای ئەو پسپۆڕە، ئەم رووداوە زیان بە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و دیمەشق دەگەیێنێت.
هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان و کورد
سەرەڕای مەترسییە ئەمنییەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت لەوە دەکاتەوە کە پەیوەندییان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سوریا باشە. فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووداو گوتی: "باوەڕمان وایە رووداوەکەی ئەم دواییە، وێڕای ئەوەی کارەساتبارە، هیچ کاریگەرییەکی نییە لەسەر کارمەندانمان لە ناوەوەی سوریا."
لەلایەکی دیکەوە، میدیا ئەمریکییەکان باس لەوە دەکەن کە هێرشەکەی تەدمور، پاساوەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (HSD) و کوردانی رۆژئاوای کوردستان بەهێزتر دەکات، کە هەمیشە دژی تێکەڵکردنی تەواوەتیی هێزەکانیان بوون لەگەڵ سوپای سوریا بەهۆی نەبوونی متمانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ