جیهان
دوو پۆلیسی ئیسپانی لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئۆکراینا لە مەدرید دوای ئەوەی تەقینەوەیەک لەوێ روویدا. وێنە: AA
رووداو دیجیتاڵ
دوای تەقینەوەکەی نزیک باڵیۆزخانەی ئۆکراینا لە مەدرید، نامەی بۆمڕێژکراو بۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە مەدرید نێردراون.
رۆژی پێنجشەممە، 1ـی کانوونی یەکەمی 2022، وەزارەتی نێوخۆی ئیسپانیا ئاشکرایکرد کە رۆژی 24ـی تشرینی دووەم نامەیەک "بە مادەیەکی ئاگرینەوە" گەیێندراوەتە نووسینگەی پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە. دواتر ماددەکە لەنێوبراوە.
هاوکات، دادگەی باڵای ئیسپانیا رایگەیاند، دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە نامە بۆمبڕێژکراوەکەی باڵیۆزخانەی ئۆکراینا کردووە بۆ ئەوەی پەیوەندیی بە رووداوەکانی دیکەی هاوشێوە ئاشکرا بکەن.
هەردوو راگەیاندن رۆژێک دوای ئەوە هاتن کە نامەیەکی بۆمبڕێژکراو بۆ باڵیۆزی ئۆکراینا لە ئیسپانیا نێردرا؛ لە کاتی کردنەوەیدا، بۆمبەکەی نێوی بە دەستی پاسەوانێکی باڵیۆزخانەدا تەقییەوە و بووە هۆی برینداربوونی پاسەوانەکە.
دوای ئەوە، وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا رایگەیاند، لە شەوی چوارشەممەدا نامەیەکی "گوماناویی" دیکە لە بنکەیەکی کەلوپەلی سەربازیی کۆمپانیای ئینستالازا لە شاری زاراگۆزای باکووری رۆژهەڵاتی ئیسپانیا دەستی بەسەرداگیراوە. کۆمپانیاکە، بەگوێرەی بەرپرسانی ئیسپانیا، ئەو کەلوپەلە سەربازییانە دروستدەکات کە ئیسپانیا دەیانبەخشێتە ئۆکراینا.
بەیانیی رۆژی پێنجشەممە، بەگوێرەی بەرپرسانی ئیسپانیا، نامەیەکی دیکەی بۆمبڕێژرکراو نێردرایە وەزارەتی بەرگریی ئیسپانیا و فرۆکەخانەیەکی سەربازیی لە دەرەوەی ناوەندی مەدرید کە لەوێوە چەک و کەلوپەلی سەربازی بۆ ئۆکراینا دەنێردرێن.
رافایل پارێز، وەزیری ئاسایشی ئیسپانیا، رۆژی پێنجشەممە گوتی، تایبەتمەندییەکانی هەموو نامەکان هاوشێوە بوونە، "چەند هێمایەک هەن کە دەریدەخەن نامیلکەکان لەنێو خاکی ئیسپانیاوە هاتوون".
چەند کاژێرێک دوای ئەوە، وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا رایگەیاند، نامەیەکی دیکە "بە هەمان تایبەتمەندیی ئەوانی دیکەوە" نێردراوە بۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە مەدرید.
سێرهی پۆهێرێلتسێڤ، باڵیۆزی ئۆکراینا لە مەدرید، رووسیای بە ناردنی نامەکان تۆمەتبارکرد و گوتی: "شێواز و هێرشەکانی رووسیا وادەکەن ئێمە بۆ هەر رووداوێک، هەراسانکارییەک یانیش هێرشێک ئامادەبین".
بەڵام رۆژی پێنجشەممە، باڵیۆزخانەی رووسیا لە ئیسپانیا لە راگەیێندراوێکدا هەموو تۆمەتەکانی رەتکردەوە و گوتی: "هەر هەڕەشەیەک یان کردەوەیەکی تیرۆریستی، بەتایبەتی ئەوانەی کە نێردە دیپلۆماسییەکان دەکەنە ئامانج، بەتەواوەتی سەرکۆنە دەکەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ