رووداو دیجیتاڵ
ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی هەفتەی رابردووی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکات و هۆشداری دەدات لەوەی پەکخستنی ژێرخانی وزە، دۆخی مرۆیی هاووڵاتییان خراپتر دەکات.
لە راگەیێنراوێکدا، کە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، سەبارەت بە هێرشەکانی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، نووسینگەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "سکرتێری گشتی سەرکۆنەی ئەم هێرشانە دەکات بۆ سەر ژێرخانی سەرەکی و وزە."
گوتێرێس هۆشداریدا لەوەی کە ئەم جۆرە هێرشانە مەترسیدارن و "کاریگەری دەکەنە سەر دابینکردنی وزە، بژێوی ژیان و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، کە ئەمانەش دەبنە هۆی خراپترکردنی دۆخی مرۆیی خەڵکە زیانلێکەوتووەکان."
سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، نووسینگەی سکرتێری گشتی ئاشکرای کردووە، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) لە پەیوەندیی نزیک و بەردەوامدایە لەگەڵ هەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەدا هاتووە: "لەرێگەی ئەم کەناڵانەوە، نێردەکەمان بەردەوام جەخت لە گرنگیی پاراستنی ژێرخانی هەستیار دەکاتەوە، بەتایبەت دامەزراوەکانی وزە، کە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، سەقامگیریی ئابووری و خۆشگوزەرانیی هاووڵاتییان پێویستن."
شەوی چوارشەممە، هێرشێکی مووشەکی کرایە سەر کێلگەی گازی کۆرمۆر و بەهۆیەوە بۆ ماوەی چەند رۆژێک کارەبای کوردستانی کەمکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ