کرێملین: ئامادەین یۆرانیۆمی ئێران وەربگرین

33 خولەک له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆشکی کرێملین رایگەیاند، مۆسکۆ بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی پەیوەست بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران و ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئەو وڵاتە بۆ رووسیا.
 
رۆژی دووشەممە 2ی شوباتی 2026، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملین رایگەیاند، بابەتی گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ ناو خاکی رووسیا پێشنیازێکی نوێ نییە و مۆسکۆ لەمێژە ئەو دەستپێشخەرییەی وەک رێگەیەک بۆ لابردنی "هۆکارە بێزارکەرەکان" خستووەتەڕوو.
 
پیسکۆڤ گوتی: "رووسیا لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان و ئامادەیە بەگوێرەی تواناکانی کار بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بکات."
 
هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی رووسیا، میدیای ئەمریکی ئاشکرای کردووە، کۆشکی سپی گڵۆپی سەوزی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران لە ئیستەنبوڵ هەڵکردووە. بەگوێرەی پێگەی "ئەکسیۆس"، بڕیارە کۆبوونەوەکە لە نێوان ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەڕێوەبچێت.
 
لەوبارەیەوە میدیای ئیسرائیلی ئاشکرای کردووە، ئەنقەرە پێشنیازێکی جیاوازی خستووەتەڕوو کە بریتییە لە گواستنەوەی 440 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بە رێژەی 60٪ بۆ خاکی تورکیا.
 
بەپێی شرۆڤەکان، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەهۆی پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان ترەمپ و ئەردۆغان، تورکیا بە "پارێزەرێکی جێی متمانەتر" دەزانێت بۆ هەڵگرتنی ئەو بڕە یۆرانیۆمە بەراورد بە رووسیا.
 
ئەم جموجۆڵە دیپلۆماسییانە دوای ئەوە دێن کە لە نێوان مانگەکانی نیسان و حوزەیرانی 2025، چەندین گەڕی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ لە رۆما و مەسقەت بەڕێوەچوون، بەڵام بەهۆی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، گفتوگۆکان شکستیان هێنا.
 
دۆخی ناوچەکە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2025 و سەرەتای 2026 جارێکی دیکە ئاڵۆز بووەوە، بەتایبەتی دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان لە ئێران لە 28ی کانوونی یەکەمی 2025 و هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی تاران. ئێستا چاوی چاودێران لەسەر ئەوەیە ئایا دیپلۆماسیەتی مۆسکۆ و ئەنقەرە دەتوانێت رێ لە تەقینەوەی دۆخەکە بگرێت یان نا.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 عەلی باقری کەنی، جێگری سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران

ئێران: یۆرانیۆم بۆ دەرەوە ناگوازینەوە

جێگری سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایدەگەیێنێت، تاران نیازی نییە یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ هیچ وڵاتێک بگوازێتەوە.